ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی پرسی سەرژمێریی لە ناوچە کوردستانییەکان دەکات

دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق (وێنە: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ)
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق (وێنە: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ)

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی لە ناوچە کوردستانییەکان تاوتوێ دەکات.

سێشەممە، 05-11-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات. 

د. سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت دەبێت بە تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێم لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە پرۆسەی سەرژمێریدا، ئەو هاووڵاتییە عەرەب یان تورکمانانەی بەهۆی ئاوارەبوون یان هەر هۆیەکی دیکە، ئێستە لە هەرێمی کوردستان یان ناوچە کوردستانییەکانی دیکە دەژین، لە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوواندا وەکو نیشتەجێى ناوچەى ئێستەیان تۆمار نەکرێن، بەڵکوو لەسەر ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان تۆمار بکرێن.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆمار و فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەو کۆبوونەوەیە "ئامادەبووان جەختیان لە ڕوونی و گرنگی پێوەرەکانی سەرژمێری دانیشتووان کردەوە. هاوکات ئامادەكارییە بەردەوامەكان بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان گفتوگۆیان لەسەر كرا، جگە لەوەی باس لە كۆمەڵێك تێبینی پەیوەست بەم پرۆسەیە كراوە بە مەبەستی گەیشتن بە لێكگەیشتنی ڕاستەقینەو تۆكمە و دروست كە هەر بەربەستێك یان پرسێك تێ دەپەڕێنێت كە ڕەنگە ڕێگری لەم پرۆسەیە بكات."

بڕیارە ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق تاوەکوو ساڵی 2030 دەگاتە نزیکەی 51 ملیۆن و 500 هەزار کەس.