حكوومه‌تی عێراق: تیمێکی هاوبەشیی عەرەب، کورد و تورکمان سەرژمێری لە ناوچە جێناکۆکەکان به‌ڕێوه‌ ده‌بات

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق چه‌ند بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی دانیشتووان لە سەرتاسەری عێراق په‌سند ده‌كات؛ له‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كاندا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، سەرژمێری لە ناوچە جێناکۆکەکان لە لایەن تیمێکی هاوبەش لە هەر سێ نەتەوەی عەرەب، کورد، تورکمان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

سێشه‌ممه‌، 5ـی تشرینی دووه‌می 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆ بووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد و یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان تایبه‌ت بوو به‌ په‌سندكردنی چه‌ند خاڵێكی تایبه‌ت به‌ ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی دانیشتووان لە سەرتاسەری عێراق و به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان (ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان).

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبه‌ت به‌ ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی دانیشتووان لە سەرتاسەری عێراق و به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان (ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان)، ئه‌م خاڵانه‌ی په‌سند كرد.

1-جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی (73/فیدراڵی/ ساڵی 2010) تایبه‌ت بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.

2-سەرژمێری لە ناوچە جێناکۆکەکان لە لایەن تیمێکی هاوبەش لە هەر سێ نەتەوەی (عەرەب، کورد، تورکمان) به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، هەروەها كه‌سێكی مەسیحی زیاد دەکرێت بۆ تیمەکە لەو ناوچانەی کە زۆرینەی مەسیحیین.

3-ده‌سته‌ی ئاماری هەرێمی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، خشتەی داتاکانی ئەم وەزارەتانەی خوارەوە بەراورد دەکەن لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێری لە:

أ- تۆمارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، سەرژمێریی ساڵی 1957 و زانیارییه‌ نوێبووه‌كانی.

ب- تۆمارەکانی وەزارەتی بازرگانی و داتاکانی وەزارەتی کۆچ و كۆچبه‌ران.

4-ئەنجامی سەرژمێریی گشتی و تۆماری داتاکانی سەرژمێری کە لە بڕگەی (3)ـدا ئاماژەی پێ کراوە، بە پێی ڕێککەوتنی هاوبەش لە چوارچێوەی دەسەڵاتی وەزارەتەکانی پلاندانانی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، کە تێیدا تۆماری تایبەت بۆ ئەم ناوچانە ڕێ کدەخرێت کە ئەنجامی داتاکانی تێدایە، هه‌روه‌ها وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و وەزارەتی پلاندانانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستانی کۆپییەکی ئەم تۆمارە دەپارێزن.

5-پابەندبوون بە ڕێکخستنی خشتەی ئامار سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئاواره‌ و هاورده‌كان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگارەکانی دیكه‌، بەپێی بەڵگە فەرمییەکان.

6-ده‌سته‌ی ئاماری هەرێمی کوردستان تیمێکی تەکنیکی ده‌نێرێته‌ ژووری سەرەکی پرۆسه‌كانی سەرژمێری بۆ وه‌رگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی پرۆسه‌كانی سەرژمێری و دڵنیابوون لە به‌ڕێوه‌چوونی ڕێكاره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی باش و به‌رده‌وام تا کۆتایی پرۆسەکە .

7-پابەندبوونی ده‌سته‌ی ئاماری هەرێمی کوردستان بە دەستبەجێ دەستپێکردنی ڕاهێنانی ژمێریاران لە خولەكاندا وەک ئامادەکارییەک بۆ به‌ڕێوه‌چوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و لە 20ـی تشرینی دووەمی 2024.