دۆناڵد ترەمپ: ئەو وڵاتانەی کاڵای ئەمەریکی ناکڕن باجێکی گەورە دەدەن
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە پلانیدایە باجی گومرگی لەسەر کاڵای هاوردەکراو لە وڵاتانی ئەورووپا و چین زیاد بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەڵمانیا و چین یەکێکن لەو وڵاتانەی ساڵانە بەبڕی سەدان ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی ئەمەریکا دەکەن، دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشە دەکات و دەڵێت: ئەورووپا کاڵای ئەمەریکی ناکڕێت بۆیە دەبێت باجێکی گەورە بدات.
بەشێك لە هاووڵاتییان و سیاسەتمەدارانی ئەمەریکا ترسیان لە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ کۆشکی سپی هەیە و دەڵێن؛ گەڕانەوەی ترەمپ هەڕەشەیە لەسەر دیموکراسییەت لە وڵاتەکەیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کاندیدەکەی کۆمارییەکان گومرگ لەسەر کاڵای بیانی زیاد بکات، ئەگەری هەیە بەهۆی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی چەندان وڵات لە ڕووی ئابوورییەوە زیانیان پێ بگات.
لە ساڵی2023 قەبارەی هاوردە لە ئەمەریکا زیاتر لە سێ ترلیۆن و 826 ملیار دۆلار بووە، زۆرترین کاڵا لە مەکسیك هاوردەی ئەمەریکا و بڕەکەی 480 ملیار دۆلارە، چین لە پلەی دووەم دێت ئەمەریکا بەبڕی 448 ملیار دۆلار کاڵای لەو وڵاتە هاوردە کردووە، کەنەدا لە پلەی سێیەم دێت و بڕەکەی 429 ملیار دۆلارە، ئەڵمانیا لە پلەی چوارەم دێت و بڕەکەی نزیکەی 163 ملیار دۆلار بووە.
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی بەنیازە بەڕێژەی %10ـی تا %20 باجی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتان زیاد بکات، هەروەها لە پلانیدایە بەڕێژەی %60 باجی گومرگی لەسەر ئەو بەرهەمانە زیاد بکات کە لە چینەوە هاوردە دەکرێن.
پەیمانگای ئابووریی ئەڵمانیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، ئەگەر هەریەکە لە یەکێتی ئەورووپا و ئیدارەی ترەمپ باجی گومرگی بەڕێژەی%20 زیاد بکەن، تا ئەو کاتەی خوولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، کۆتایی دێت تەنیا ئەڵمانیا بەبڕی 194 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمەریکا لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا دەڵێت؛ وڵاتانی یەکێتییەکە ئۆتۆمبیل و بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمەریکا هاوردە ناکەن و ملیۆنان ئۆتۆمبیل لە ئەمەریکا دەفرۆشن و دەبێت باجێکی گەورە بدەن.
لەبارەی چین ترەمپ هەڕەشە دەکات و دەڵێت؛ ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان، بەڕێژەی %150 بۆ %200 باج دەخەمە سەر چین.