ترەمپ دەنگی پێویستی بە دەست هێنا و بووە سەرۆکی ئەمەریکا
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا 277 کورسی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی بردووەتەوە و پۆستی سەرۆکایەتیی مسۆگەر کردووە.
لە بەرانبەردا کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان، 224 کورسیی کۆمەڵەی هەڵبژاردنی بە دەست هێناوە و هەڵبژاردنەکەی دۆڕاندووە.
ترەمپ سەدا 51ـی دەنگەکانی بە دەستهێناوە کە دەکەنە زیاتر لە 70 ملیۆن و 911 هەزار دەنگ. لە بەرانبەردا هاریس، سەدا 47.5ـی دەنگەکانی بە دەستهێناوە کە دەکەنە نزیکەی 66 ملیۆن دەنگ.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 06-11-2024، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا ڕایگەیاند و دووپاتی کردەوە، بووەتە 47ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.
ترەمپ لە گوتاری سەرکەوتنیدا جەختی لەوە کردەوە "مێژوومان تۆمارکردووە و چەندین ئاستەنگمان تێپەڕاندووە" هاوکات ئاماژەی بەوە کرد "ئەمەریکا چاک دەکەینەوە و سنوورەکانیشمان بە ڕووی تیرۆریستاندا دادەخەین".
بە گوتەی ترەمپ، لە کۆی 528 کورسیی کۆمەڵەی هەڵبژاردن، توانیویەتی 315 کورسی بە دەست بهێنێت. هاوکات گوتیشی "توانیمان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران وەربگرینەوە و جارێکی دیکە لە ویلایەتە خۆلەمێشییەکان سەرکەوتنمان بە دەست هێنا".
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کەرتی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند "لە عێراق، سعوودییە و ئیمارات زیاتر نەوتمان هەیە و پێویستە بە شێوەیەکی زۆر باش مامەڵەی لەگەڵ بکەین".
کاندیدەکەی کۆمارییەکان دووپاتی کردەوە "جەنگەکانی ناوچەکە ڕادەگرم و سوپای وڵاتەکەمان بەهێزتر دەکەم".