چەند دوکان و فرۆشگایەکی سیمکارتی تۆمارنەکراو لە هەولێر داخران

هەولێر..داخستنی دوکانێکی فرۆشتنی سیمکارتی تۆمارنەکراو لەلایەن پۆلیس
هەولێر..داخستنی دوکانێکی فرۆشتنی سیمکارتی تۆمارنەکراو لەلایەن پۆلیس

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک دوکان و فرۆشگا و مێزی فرۆشتنی سیمکارتی تۆمارنەکراویان داخستووە و لابردووە کە پێچەوانەی ڕێنماییەکان سیمکارتەکانیان فرۆشتووە."

چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 

"تیمەکانی پۆلیسی ڕێکاری و پۆلیسی شارەوانیی هەولێر، ژمارەیەکی دیکەی دوکانی مۆبایل و فرۆشگا و مێزیان داخست و لابرد کە سیمکارتی تۆمارنەکراویان پێچەوانەی ڕێنماییەکان دەفرۆشت.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ نەهێشتنی دەرفەتەکانی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی ڕێنماییەکان."

لەمبارەیەوە سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند  "هەر فرۆشگا و دوکان و بریکارێک بێ تۆمارکردن سیمکارت بفرۆشێ، دادەخرێت و سزایەکی توندی دارایی دەدرێت."

لەبارەی سیمکارتی بێ مۆڵەت، پێنجشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد "بەپێی ڕێنمایی ژمارە 8ـی ساڵی 2021ـی هەمووارکراو، لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ نوێنەری حەوت کۆمپانیای موبایل و ئینتەرنێت، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، چەند بڕیارێک لەسەر سیمکارتی بێمۆڵەت دەرکرا."

پێشتر هەر لەو بارەوە، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ  ڕایگەیاند: "دامەزراوەکانی ئاسایش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیس، دەستیان بەسەر زیاتر لە 20 هەزار سیمکارتی بێ مۆڵەتدا گرت کە بۆ کاری هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی بەکار هێنراون، هاوکات دەیان شوێنی فرۆشتنی ئەو سیمکارتە بێمۆڵەتانەیان داخستووە."

 چوارشەممە 21ـی ئابی 2024،  نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 2021، داوا لە پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان کرا  ڕێگریی لە سیمکارتی بێ مۆڵەت بکەن، سەرەتا بڕیارەکە بە ئاگەدارکردنەوەی فرۆشیاران و کڕیاران دەستی پێ کرد؛ دواتر هەڵمەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی سیمکارتی بێ سەرەتا چووە واری جێبەجێ کردن." گوتیشی: "ئەو سیمکارتانە دەتوانرێت تاوانیان پێ ئەنجام بدرێت، بۆیە لە هەڵمەتێکدا دەستمان بەسەر هەزاران سیمکارتدا گرت."