كاتی یارییەكانی گەڕی یەكەمی خولی نایابی كوردستان دیاریكرا

شەقڵاوە لە هەولێر پایتەخت رووبەڕووی پێشمەرگە دەبێتەوە، پێشبینی دەكرێت دوو یاریش دوابخرێت

یاریزانانی یانەی ئاكرێ پێش یارییەكەیان لە جامی سوپەری كوردستان بەرامبەر هەندرێن
یاریزانانی یانەی ئاكرێ پێش یارییەكەیان لە جامی سوپەری كوردستان بەرامبەر هەندرێن

كاتی یارییەكانی گەڕی یەكەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان دیاریكرا، یارییەكانیش لە 3 رۆژی جیاواز بەڕێوە دەچن، پێشبینی دەكرێت دوو یاریی ئەم گەڕە دوابخرێن.

بڕیارە پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە 7 نۆڤێمبەری 2024، یارییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان دەست پێ بكات، لە رۆژی یەكەم، یانەی شەقڵاوە بەهۆی كەموكورتی لە یاریگەكەی ناتوانێت یارییەكانی لە نێو یاریگەی خۆی بكات تا ئەوكاتەی كێشەكانی یاریگەكەی چاك دەكات، بۆیە شەقڵاو ئەم یارییە لە نێو یاریگەی پیشەسازی لە شاری هەولێر بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر دەكات.
یانەی هەندرێنی شاری هەولێریش بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی شێروانە گەشتی شارۆچكەی كەلاری كردووە، لە یارییەكی دیكەیشدا، دەربەندیخان لە نێو یاریگە و بەردەم هاندەرانی میوانداریی یانەی پیشەسازی تازەسەركەوتووی خولەكە دەكات.

یارییەكانی رۆژی هەینی
لە یەكەمین گەڕی خولەكە، یانەی ئاكرێ و چوارقوڕنە بەیەك دەگەن، یانەی رانیە و برایەتیش رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، لە دوایین یاریی رۆژی هەینی، یانەی رزگاری یەكەمین یاریی لە مێژووی خۆیدا لە خولی نایابی كوردستان بەرامبەر زاخۆ دەكات.

یارییەكانی رۆژی شەممە
یانەی سەیدسادق تەنیا 4 رۆژە ئامادەكارییەكانی بۆ وەرزی نوێ دەست پێ كردووە، لە یەكەمین یاریی ئەم وەرزەش میوانداریی یانەی هەولێر دەكات، لە هەمان رۆژ یانەی ئارارات و سیروانی نوێ بەیەك دەگەن، بەڵام گومان لە ئەنجامدانی هەردوو یاریی دەكرێت و پێشبینی دەكرێت ئەم دوو یارییە دوابخرێت بەهۆی ئەوەی یانەكانی ئارارات و سەیدسادق كەمترین ئامادەكارییان كردووە.