یەكەمین گەڕی پــڕگـۆڵی خولی نایابی كوردستان دەستی پێ كرد

پیشەسازی لە یەكەمین بەشداریكردنی لە خولی نایابی كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێنا

خۆشیدەربڕینی دوو یاریزانی شێروانە دوای گۆڵی بەرامبەربوونی یانەكە لە دژی هەندرێن
خۆشیدەربڕینی دوو یاریزانی شێروانە دوای گۆڵی بەرامبەربوونی یانەكە لە دژی هەندرێن

لە یەكەمین گەڕی خولی نایابی كوردستان ئەنجامی چاوەڕواننەكراو روویدا و یانەی پیشەسازی تازە سەركەوتووی خولەكە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی شكستی بە یانەی دەربەندیخان هێنا، یانەی شێروانەش ریمۆنتادای بەسەر هەندرێنی میوانی دا كرد.

شەقڵاوە ـ پێشمەرگە
یانەی شەقڵاوە بەهۆی كەموكورتی لە یاریگەكەی رێگەپێدانی بۆ یاریكردن لە نێو یاریگەی خۆی پێنەدرا، بە ناچاری یەكەمین یاریی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستانی لەنێو یاریگەی پیشەسازی شاری هەولێر ئەنجام دا.
لە خولەكی 14 تاهیر عەلی لە رێگەی لێدانی پێناڵتی گۆڵی یەكەمی شەقڵاوەی تۆمار كرد و بووە خاوەنی یەكەمین گۆڵی ئەم وەرزە.
دواتر لەگەڵ دەستپێكی یارییەكە، پێشمەرگەی هەولێر لە خولەكی 48 توانا ئەمیر ئاسیستی بۆ یاریزانی پیشەگەر (فرانسیس دادزی) كرد و ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
تیپەكەی تەها قادری راهێنەری پێشمەرگە لە خولەكی 66 گۆڵی دووەمیشیان لە رێگەی دڵدار خدر تۆمار كرد.
بەڵام خۆشییەكانی پێشمەرگە زۆری نەبرد، كاتێك لە خولەكی 70 ئامانج ئەكرەم گۆڵكارە دێرینەكەی خولی نایاب ئەنجامەكەی بۆ شەقڵاوە یەكسان كردەوە و گۆڵی دووەمی لە یارییەكە بۆ یانەكەی تۆمار كرد، یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.

 

دەربەندیخان ـ پێشەسازی
ئەم یارییە یەكەمین یاریی پیشەسازی بوو لە مێژووی خولی نایابی كوردستان، بەوپێیەی یەكەمین وەرزیەتی لە خولی نایاب یاریی دەكات.
پیشەسازی لەم یارییە بە ئاستێكی بەرز دەركەوت، لە خولەكی 16 دلۆڤان وەسمان بە ئاسیستی ئەحمەد وریا یانەی پیشەسازی كردە خاوەنی یەكەمین گۆڵ لەم وەرزەی خولی نایاب كوردستان هەڵبەت یەكەمین گۆڵی یانەكەش بوو لە مێژووی خولەكە.
دواتر لە خولەكی 24 پیشەسازی گۆڵی دووەمیشی لە رێگەی بیلال نەعنوس زیاد كرد، بەڵام پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی نیوەی یەكەم لێ بدات، فەرحان شكوور هێرشبەری نوێی دەربەندییەكان لە خولەكی 31 جیاوازییەكەی بۆ یانەكەی كەم كرد و یەكەمین گۆڵی دەربەندیخانی لەم وەرزە تۆمار كرد.
دەربەندییەكان لە نیوەی دووەم زۆر هەوڵیان دا، بەڵام نەیانتوانی لە یەكەمین شكستی ئەم وەرزە رزگاریان بێت، لە بەرامبەردا پیشەسازی لە یەكەمین بەشداریكردنی لە خولی نایابی كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێنا.

شێروانە و هەندرێن
یانەی هەندرێنی شاری هەولێر بۆ رووبەڕبوونەوەی شێروانە گەشتی كەلاری كرد، لە نیوەی یەكەم هەندرێن لە خولەكی 33 بە گۆڵێكی هێمن نازم پێشكەوت، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی تیپەكەی دڵشاد مەعروفی راهێنەری هەندرێن كۆتایی هات.
لە نیوەی دووەم شێروانە خۆی بەدەستەوە نەدا و لە خولەكی 81 لە رێگەی ئاسۆ فاتیح ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، شێروانە گۆڵی سەركەوتن و ریمۆنتادای كرد و یەكەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد.