دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی دۆسیه‌ی نارین گۆران به‌ڕێوه‌چوو

دایکی نارین بۆ دادگا: “هیچ پیوەندییەکی سۆزداریم لەگەڵ سەلیمی (مامی نارین) نییە.”

پێنجشەممە، 07-11-2024، دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسیه‌ی نارین گۆرانی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵان، لە دادگای دیاربەکری باکووری کوردستان به‌ به‌شداریی زیاتر له‌ 50 سیاسه‌تمه‌دار و چالاكوان و پارێزه‌ر به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی ده‌ستگیركراون و ئه‌مڕۆ دادگایی کران، بریتی بوون له‌: (سه‌لیم گۆران، مامی نارین)، (یوكسه‌ل گۆران، دایكی نارین) ئه‌نه‌س گۆران، برای نارین و نه‌وزاد به‌ختیار، دراوسێی ماڵی نارین.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تیی داواكاریی گشتیی دیاربه‌كر، داوا ده‌كرێت ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ سزای به‌ندكردنی تا هه‌تاییان بۆ ده‌ربچێت.

لەسەر هەمان دۆسیە، 22 کەسی دیکەش پێشتر گوتەیان لێ وەرگیراوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ كرا، لەنێو ئەو 22 کەسەشدا عارف گۆران كه‌ باوکی نارینە، لە دادگا ئامادە بووە.

به‌هۆی هه‌ستیاریی دۆسیه‌كه‌ 50 پارێزەر لە تورکیا و باکووری کوردستان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دەم پارتی لە كاتی به‌ڕێوه‌چوونی دادگاییه‌كه‌ له‌ هۆڵی دادگا ئامادە بوون.

دایکی نارین یوکسەل گۆران لە وەڵامی پرسیاری دادوەردا سەبارەت بەوەی "ئایا پەیوەندیی سۆزداریی لەگەڵ سەلیم هەیە یان نا؟"، گوتی: "نەخێر، هیچ جۆرە پەیوەندییەکم لەگەڵ سەلیم نییە".

دوای نه‌وزاد به‌ختیار و ئه‌نه‌س گۆران، دایکی نارین یوکسەل قسەی بۆ دادوەر کرد و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا پەیوەندیی لەگەڵ سەلیمی مامی نارین هەیە یان نا، گوتی: " نەخێر، هیچ جۆرە پەیوەندییەکم لەگەڵ سەلیم نییە، کاتێک چوومە ناو تەوێڵەکەوە، کوڕەکەمم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبینی، بە هیچ شێوەیەک شتێکی لەو جۆرە نییە، منداڵەکانی من ژیرن، سەلیم خاوەندارێتی خێزانی خۆی دەکات، خودا شایەدە نەوزاد بوختانی بە سەلیم کردووە."

یوکسەل لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی نەوزاد بۆچی بوختان بە سەلیم بکات، گوتی: "نەوزاد لە خودا ناترسێت، من بکوژەکەی نارینم دەوێت، خەونەکانمان لەناوبران، ئابڕوویان لەکەدار کردین، لەبری جلوبەرگی بوکێنی، کفنیان لەبەر کچەکەم کرد، بمکوژن، بەڵام با بوختانم بۆ هەڵنەبەستن، ئابڕووی خانەوادەی گۆران لەکەدار مەکەن، سوێند بە قورئان سەلیم نەهاتووەتە ماڵی ئێمە، دۆخی دەروونیی منداڵەکانمیان شێواندووە."

نارین گۆرانی هەشت ساڵان، 21 ـی مانگی ئابی ڕابردوو لە گوندی چلوویێ سەر بە دیاربەکر بێسەرشوێن بوو، هەشتی ئەیلوول تەرمەکەی لە چەمێکی گوندەکە دۆزرایەوە.