ئەو قوتابییانەی لە زانکۆلاین ناویان نەگەڕاوەتەوە دەتوانن دووبارە پێشکەشی بکەنەوە
هەر قوتابییەک ئەو شوێنەی کە لێی وەرگیراوە بە دڵی نییە، دەتوانێت لە سیستەمەکە شوێنی بگۆڕێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، ئەو قوتابییانەی لە زانکۆلاین ناویان نەگەڕاوەتەوە دەتوانن دووبارە پێشکەشی بکەنەوە، دەشڵێت: هەر قوتابییەک ئەو شوێنەی کە لێی وەرگیراوە بە دڵی نییە، دەتوانێت لە سیستەمەکە شوێنی بگۆڕێت.
پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەمساڵ ژمارەی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی 56 هەزار و 130 قوتابیین، لە کۆی 55 هەزار و 871 قوتابی کە داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، 53 هەزار و 79 قوتابی وەرگیراون و کە دەرچووانی کەرکووك، شەنگال و خانەقین و دەرچووانی قوتابخانە پیشەییەکانیشی تێدایە".
گوتیشی"هەر قوتابییەک ئەو شوێنەی کە لێی وەرگیراوە بە دڵی نییە، دەتوانێت لە سیستەمەکە شوێنی بگۆڕێت، هەروەها ئەو قوتابیانەی کە هیچ داواکارییەکیان پێشکەش نەکردووە، جیاوازن لەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە و وەرنەگیراون، لەبەر ئەوەی کە ئەو داواکارییانەی پێشکەشی کردووە لەگەڵ نمرەکەی نەگونجاوە، لەناو سیستەمەکەی خۆی ئەو کورسییە بەتاڵانەی دەخاتە بەردەست کە نمرەکەی تێدا وەرگیراوە."
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند:سیستەمەکە پێشکەوتووە، تاکوو ئێستا هیچ گلەییەک لە سیستەمەکە نەکراوە و گرفتێکی وای نەبووە ناڕەزایی لەبارەوە دروست بێت."
دەشڵێت: "ئەوانەی بەهۆی گرفت لە پڕکردنەوەی فۆرمەکان ناویان نەگەڕاوەتەوە، دەتوانن لەسەر هەمان سیستەم چاکی بکەنەوە و پێشکەشی بکەنەوە، بۆیە مافیان نەفەوتاوە."