سەباح سوبحی: هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت
ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: هەفتەی داهاتوو خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەناردەکردنەوەی نەوت، لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت، دەشڵێت: پێم وایە لایەنەکانی شیعە بە هەندێ مەرج لەگەڵمان ڕێک دەکەون بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای هەناردەکردنەوەی نەوت.
پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە میانی بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـ کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات ڕاگەیاند: بەربەستی سەرەکی هەناردەکردنەوەی نەوت ماددەی 12 بوو لە یاسای بوودجە ژمارە 13 لە ساڵی 2023، لە بڕگەی دووەمی ئەو ماددەیە لە بڕگەی(ج)، باس لەوە دەکات کە پرسی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، یەکسانە بە تێچووی بە بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ئەوەش وای کرد کە تەواوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە، پشت ببەستێت بە هەمان خەملاندنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ هەموو کێلگەکانی عێراق، ئەویش بەپێی خەملاندنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دەرهێنانی نەوت لە عێراق، نزیکەی 8 بۆ 9 هەزار دیناری تێدەچێت، گواستنەوەش 1.2 سەنتی تێدەچێت، بەو شێوازەش مامەڵە لەگەڵ هەموو کۆمپانیاکانی نەوت دەکەن.
دەشڵێت: بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان لە 2007 ەوە کە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە بوو ، بۆیە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان کرا لەسەر بنەمای بەشداریی حکوومەت و کۆمپانیاکان لە داهات، بەڵام لە 2014 ەوە هەوڵدرا نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت.
سەباح سوبحی گوتی: پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان وا دەردەخات کەنداوی عەرەبی لە مەترسیدایە، مەترسییەکەش لەوەدایە لەهەر حاڵەتێک دۆخێک بێتەوە پێشەوە، ئەو دەروازەیە دادەخرێت، یەک دەروازە هەیە بۆ عێراق لە هەناردەکردنی نەوت کە بەسرەیە، لە سەدا 95ـی ئابووری عێراقیش لەسەر نەوتە، ئاشکرای کرد کە، رۆژانە عێراق نزیکە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات، ئەگەر ئەو بڕە نەوتە لە هەناردەکردن بووەستێ کە بۆ هەر بەرمیلێک هەژماری 70 دۆلار بکرێت، پارەیەکی خەیاڵی دەردەچێت، بۆیە ئەگەر عێراق نەتوانی نەوت هەناردە بکات، کارەسات ڕوو دەدات.
دەشڵێت: عێراق بەدوای دەروازەیەکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ هەناردەکردنی نەوت، بۆ ئەوەش دەروازەی حەدیسەی هەیە کە چەندین ساڵە هەوڵ بۆ دروستکردنی بۆریەکە دەدات و 2 ملیار دۆلاری بۆ پرۆژەکە خەملاندووە.
گوتی: فشار لەسەر حکوومەتی فیدراڵ هەیە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات بەر لە هاتنی وەرزی زستان لە ئەوروپا، لەبەر ئەوەی زۆر وڵات هەیە دووچاری قەیران دەبێت.
گوتیشی: پرۆژەکە یەکشەممە و دووشەممە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەکە دەکرێت، بە پەلەش دەچینە خوێندنەوەی دووەم، ئێمە شەڕ لەگەڵ کات دەکەین.
سەباح سوبحی ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کرا، هەمووان لەگەڵ ئەوە بوون کە ئەو پرۆژەیە هەمووار بکریتەوە، دەڵێت: من باوەڕم وایە لایەنە شیعەکان ڕەزامەند دەبن لەسەر پرۆژەکە بە مەرجێک، ئەوانیش دەستکاری هەندێ بڕگە و بابەتی دیکە بکەن سەبارەت بە دابینکردنی بوودجەی پارێزگاکان و پرسی پترۆ دۆلار، لەگەڵ هەندێ لە پرۆژەی ستراتیژی بۆ هەندێ لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و گوتی: لەگەڵمان ڕێک دەکەون.