نەبوونی پارەی کاش خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی دوا خست
بەهۆی کەمیی پارەی کاش لە لایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە، خەرجكردنی قۆناغی دووەمی شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دوا کەوتووە و کاتی ناردنی شایستەکەش نادیارە.
ئەمڕۆ شەمم، 9ـی تشرینی دووەمی 2024، غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتووکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند "دوای بڕیارەکەی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی کڕینەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە، بەڵام بەهۆی کەمی پارەی کاشی بەردەستی وەزارەتی دارایی نەتوانراوە شایستەکە خەرج بکرێت."
ئەم پەرلەمانتارە کوردە دەڵێت: "وەزارەتی دارایی وەڵامی وەزارەتی بازرگانی داوەتەوە، هەر کاتێک پارەی کاشیان لەبەردەست بوو، لە 24 کاتژمێردا پارەکە خەرج دەکەن کە بڕەکەی 288 ملیار دینارە."
ئەمساڵ، حکوومەتی عێراق بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کڕیوەتەوە و لە قۆناغی یەکەمی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق 150 ملیار دیناری ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە 47 ملیار و 373 ملیۆن و 835 هەزار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە، بڕی 35 ملیار و 541 ملیۆن و 48 هەزار دیناریش پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆکە و بڕی 67 ملیار و 84 میلۆن و 117 هەزار دیناریش پارەی جووتیارانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە لەگەڵ هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین.