عەبدوڵلای کوێخا موبارەک: نابێت خەڵکی چەمچەماڵ ئەم غەدر و بەکەم زانینەی بیر بچێتەوە

یەکێتیی بووەتەوە هۆکاری پەکخستنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ

عەبدوڵلای کوێخا موبارەک، کەسایەتیی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەڵێت: "نابێت خەڵکی چەمچەماڵ ئەم غەدر و بەکەم زانینەی بیر بچێتەوە، کە یەکێتیی بووەتەوە هۆی پەکخستنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ."

عەبدوڵلای کوێخا موبارەک، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی"دەبوو کۆمپانیای جێبەجێکاری ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تا ئێستا پێشەکی %10 و سلفەیەکی وەربگرتایە، بەڵام ھیچ پارەیەکی پێ نەدراوە و بەھۆی پێنەدانی پارە پرۆژەکە لە ڕاگرتندایە."

دەشڵێت:بەڕێوەبەری بانکی ھەرێم لە لقی سلێمانی دەڵێت 'ناتوانم بەپێی بڕیار و ڕێکاری ئیداری و نووسراوی حکوومەتی پارە خەرج بکەم، دەبێت خودی کاک قوباد تاڵەبانی و یەکێتی ئۆکەی پارە سەرفکردنم پێ بدەن و تائێستا ئۆکەیان نەداوە."

ئاماژەشی داوە کە بودجەی پرۆژەکە لە داھاتی وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمە و دەپرسێت "با وای دابنێین تەنیا لەسەر داھاتی سلێمانییە، ئایا چەمچەماڵ لەسەر ئیدارەی سلێمانی و پێکھێنەری سەرەکی داھاتی سلێمانی نییە؟ هەروا چەمچەماڵ جگە لەوەی داھاتی نەوتی و غازی سروشتی و غازی LPG و کارەبای بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، نزیکەی %30 داھاتی سلێمانیش پێک دەھێنێت؛ ھەروەھا داھاتێکی زۆریشی لە کۆمپانیای ساوس کوردستان لە داناغاز و سۆنەری بانی مەقان و چەندین شوێنی دیکە بۆ ئیدارەی گشتیی یەکێتی ھەیە، هەربۆیە بە داھاتی تەنیا 10 مانگی چەمچەماڵ بۆ سەر داھاتی ھەرێم و ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی گشتی یەکێتی دەتوانرێت ئەو پرۆژە ئاوەی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەواو بکرێت."

هەروەها نووسیویەتی : "با واز لەوە بھێنین کە چەمچەماڵیش بەشێکە لە سلێمانی و یەکێتی، کوردە و ھاوزمانتانە، خاوەنی ھەزاران شەھید و ئەنفالە لە پێناو کوردستاندا، کەچی تەنیا داهاتی 10 مانگی خۆی پێ ڕەوا ببینن بۆ زەرورەتی ژیانی خەڵکەکەی کە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە، هەربۆیە نابێت خەڵکی چەمچەماڵ ئەم غەدر و بە کەم زانینەی بیر بچێتەوە."

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی عەبدوڵلای کوێخا موبارەک بڵاوی کردووەتەوە "چەمچەماڵ ئەم داھاتانەی بۆ سەر داھاتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گشتی یەکێتی هەیە:

-        داھاتی نەوت و غازی سروشتی و LPG

-        نەفتای کۆرمۆر-قادرکەرەم

-        شەراکەتی کۆمپانیای ساوس کوردستان لەگەڵ ئیدارەی گشتیی یەکێتی لە دانەغاز

-         داھاتی وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ 

-        باجی نزیکەی 20 ھەزار پیشەوەری جۆراوجۆر

-        باجی چەندین کارگەی گەورەی خشتی سوور و چەندین کانی گەچ

-         باجی نزیکەی 400 کێڵگەی پەلەوەری

-        دەیان ملیۆن دیناری ڕۆژانەی سۆنەری بانی مەقان

-        پارەی ئاو و کارەبای 200 ھەزار دانیشتووانی سنوورەکە

-       داهاتی سایلۆ و کەرتی کشتوکاڵ