عەبدولزەهرە هنداوی بۆ کوردستان24: لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی سەرژمێری ڕێگە بە هاتووچۆی ڕاگەیاندنکاران دەدرێت

عه‌بدولزه‌هره‌ هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق
عه‌بدولزه‌هره‌ هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ڕۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌رجه‌م ده‌زگه‌ مێدیاییه‌كان له‌ ڕۆژانی 20 و 21ـی ئه‌م مانگه‌، سه‌رباری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ، ڕێگه‌پێدراو ده‌بن.

شه‌ممه‌، 9ـی تشرینی دووه‌می 2024، عه‌بدولزه‌هره‌ هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر "لینك"ـێكی ئه‌لیكترۆنی ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌رجه‌م ده‌زگه‌ مێدیاییه‌كان پڕی بكه‌نه‌وه‌ تاوه‌كوو له‌ ڕۆژانی 20 و 21ـی ئه‌م مانگه‌، سه‌رباری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ، ڕێگه‌پێدراو بن و له‌ ئه‌ركه‌كانیان به‌رده‌وام بن.

عه‌بدولزه‌هره‌ هنداوی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، لینكه‌كه‌ تا ئێسته‌ كارایه‌ و نیوه‌شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌، 10ـی تشرینی دووه‌می 2024، داده‌خرێت و تا ئه‌و كاته‌ ڕۆژنامه‌نووسان ده‌توانن داواكاریی بۆ وه‌رگرتنی باج و مۆڵه‌ت پێشكه‌ش بكه‌ن.

بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و یه‌كه‌م سه‌رژمێرییه‌ له‌ دوای 26 ساڵی ڕابردوودا.