هەرێمی کوردستان.. دەستبەری کۆمەڵایەتی بۆ نزیکەی 193 هەزار کرێکار کراوە

ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن
ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن

لە چوارچێوەی دەستبەری کرێکاران لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی کرێکارانی دەستبەرکراو لە هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایی مانگی 9ـی ساڵی 2024 گەیشتووەتە نزیکەی 193 هەزار کەس و پارەی نێو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ یەک ترلیۆن و 216 ملیار و 538 ملیۆن و 786 هەزار و 814 دینار زیادیکردووە.

محەممەد ئەمین حاجی، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، کۆی گشتیی پڕۆژەی دەستەبەرکراو تا کۆتایی مانگی 9ـی ساڵی 2024 گەیشتووەتە 55 هەزار و 435 پڕۆژە، هاوکات کۆی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیشتووەتە نزیکەی 193 هەزار کەس.

لەبارەی کرێکاری خانەنشینکراو ئامارەکانی خستەڕوو، تاوەکوو کۆتایی مانگی 9ـی ساڵی 2024 ژمارەکانیان بۆ 1003 بەرز بووەتەوە، هاوکات پارەی نێو سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ یەک ترلیۆن و 216 ملیار و 538 ملیۆن و 786 هەزار و 814 دینار زیادیکردووە. 

محەممەد ئەمین حاجی گوتیشی، کرێکار خانەنشین دەکرێت کاتێک تەمەنی پیاو دەگاتە 60 ساڵ و 20 ساڵ خزمەت، لە کاتێکدا بۆ ئافرەتان ئەگەر تەمەنی بگاتە 55 ساڵ و 20 ساڵ خزمەت. گوتیشی، کەمترین بڕی مووچەی کرێکاری ناکارامە 350 هەزار دینارە.

لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حەوت بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە، پارەی دەستەبەری بە جۆرێک وەردەگیردرێت 5٪ـی مووچەی کرێکار و 12٪ـی  خاوەن پڕۆژە دەیدات.

محەممەد ئەمین حاجی، سەبارەت بە سزای دەستەبەرنەکردن رایگەیاند، سزای پێ بژاردن بە پێی ژمارەی کرێکار و سالانی خزمەتیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و هێڵی گەرمیش بۆ هۆشیاری کرێکاران 5500 دانراوە.