وەزیری ناوخۆ بڕیار لەبارەی هاتووچۆکردنی ئاژانس و رێکخراوەکان دەدات
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رادەسپێردرێت بۆ ئاسانکاری و پێدانی رێگەپێدان
K24 - هەولێر
قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ لە کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە تاوەکو شەش رۆژی دیکە بەردەوام دەبێت، بەڵام بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ، ئاژانس و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن هاتووچۆ بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە، هاتووە "هاتووچۆکردنی ئاژانس و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتکاران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان رێگەپێدراوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکرێت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رادەسپێردرێت بۆ ئاسانکاری و پێدانی رێگەپێدان بۆ هاتووچۆی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەنێوان پارێزگا سەربەخۆکان بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ.
ئەو روونکردنەوەیە لەکاتێکدایە، دوێنێ زۆرترین تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە 104 کەس بوون، لەو ژمارەیەش 102ـیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون، بۆ رێگریکردنیش لە بڵاوبوونەوەی پتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاردرا تاوەکو شەش رۆژی دیکە قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت.
هـ.ر.