نرخی زێڕ بۆ نزمترین ئاستی یەک مانگی ڕابردوو دابەزی

زێڕ
زێڕ

لەگەڵ یەکەمین رۆژی دەستپێکی مامەڵەی هەفتانەی بازاڕە دارییەکان، نرخی زێڕ دابەزینی بەخۆیەوە بینی هەر ئۆنسەیەک 64 دۆلار دابەزی و نزمترین ئاستی لە یەک مانگی رابردوو تۆمار کرد، هاوکات لە بازاڕەکانی کوردستان حەوت هەزار دینار دابەزیوە.

دووشه‌ممه‌، 11ـی تشرینی دووه‌می 2024، کاتژمێر 22:50 بە کاتی هەرێمی کوردستان، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە دوو هەزار و 619 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، تەنیا ئەمڕۆ 64 دۆلار لە نرخەکەی دابەزیوە.

سەبارەت بە نرخی ئەو کانزا زەردە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە نرخی هەر مسقاڵێک لە زێڕی عەیارە21 بە 570 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، دانا وەرتی، وتەبێژی سەندێکای زێڕنگەرانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، نرخی ئێستای زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان نرخی یەک مسقاڵ بۆ 563 هەزار دینار دادەبەزێنێت. وتیشی، دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، جوڵە کەوتووەتە نێو بازاڕی زێڕ لە کوردستان، بازاڕ بەسەر لایەنی جیاواز دابەشبووە، بەشێکیان ترسیان هەیە کە رەنگە سیاسەتەکانی ترەمپ نرخی زێر زیاتر دابەزێنێت بۆیە زێڕەکانیان دەفرۆشن، بەشێکی دیکە دابەزینی نرخی زێر بە شێوەیەکی کاتی دەبین و زێڕ دەکڕن. 

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە سەبەتەی دراوە سەرەکییەکان بۆ زیاتر لە سێ مانگی رابردوو، بە هۆکاری سەرەکی  دابەزینی نرخی زێڕ دادەنرێت، سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و سیاسەتەکانی، کاریگەری کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی ئەمەریکای لە بازاڕەکاندا کەم کردووەتەوە و خواستی لەسەر زێڕ و سامانەکانی دیکەی وەک پاناگەی سەلامەت دابەزاندووە.

دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە، کۆتایی مانگی رابردوو لەژێر کاریگەری بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی ئەمەریکا و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، هاوکات لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی زێڕی گەیاندە بەرزترین ئاستی مێژویی و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە دوو هەزار و  790 دۆلار.