پارێزگاری دهۆک: کێشەی ئەو زەوییانەی ساڵی 2011 دابەش کراون، چارە کراوە
زیاتر لە سێ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێن.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-11-2024، هەزار و 220 پارچە زەوی، لە سنووری قەزای سێمێل، بەسەر ئەو زیندانییە سیاسییانەدا دابەش دەکرێن کە پێشتر لە وەرگرتنی پارچە زەوی سوودمەند نەبوونە.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی یاسایی زیاتر لە هەزار و 300 پارچە زەوی دیکەیان چارە کردووە کە لە ساڵی 2011 بڕیار بوو بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن و لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەوانیش دابەش دەکەن.
27ـی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ڕاسپارد بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر لە وەرگرتنی پارچە زەوی سوودمەند نەبوونە.