یانەكانی دەربەندیخان و برایەتی یەكەمین سەركەوتنیان لەم وەرزە تۆمار كرد

پیشەسازی ئاوڕ لە شكست ناداتەوە و خەریكە دەبێتە ئەسپەڕەشەكەی ئەم وەرزە

گرتەیەك لە یاریی برایەتی و شەقڵاوە ـ یاریگەی برایەتی ـ هەولێر (فۆتۆ: ئەحمەد كاوانی)
گرتەیەك لە یاریی برایەتی و شەقڵاوە ـ یاریگەی برایەتی ـ هەولێر (فۆتۆ: ئەحمەد كاوانی)

لە خولی نایابی كوردستان، یانەكانی دەربەندیخان و برایەتی یەكەمین سەركەوتنیان لەم وەرزە بەدەستهێنا، شەقڵاوەش تووشی یەكەمین شكست بوو، دێربی گەرمیانیش بە یەكسانبوون كۆتایی هات.

دەربەندیخان، هەندرێنی شۆك كرد
یانەی دەربەندیخان بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی هەندرێن سەردانی هەولێری پایتەختی كرد و بە 3 خاڵیش گەڕایەوە گەرمیان.
دەربەندیخان لە نێوەی یەكەم لە رێگەی هەڤاڵ محەمەد لە خولەكی 38 بە گۆڵێك پێشكەوت، پاشان لە نیوەی دووەم پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، لە هێرشێكی هەڵگەڕاوە راڤیار رەزا بە ئاسیستی هاوار ناجی گۆڵی دووەمی دەربەندییەكانیان كرد و بە تەواوەتی هەندرێنیان بێهیوا كرد.
بەم ئەنجامەش یانەی دەربەندیخان یەكەمین سەركەوتنی لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا هەندرێن تووشی دووەمین شكستی لەسەریەك بوو.

دێربی ئاگرینی گەرمیان بە یەكسانبوون كۆتایی هات
یانەكانی رزگاری و شێروانە بۆ یەكەمجار لە مێژووی خولی نایابی كوردستان بەیەكگەیشتن، یارییەكەش بە یەكسانبوون بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، هەردوو گۆڵەكەش لە كۆتاییەكانی یارییەكە تۆمار كران.
سەرەتا ئەحمەد فەلاح بەرگریكارە لاوەكەی یانەی شێروانە لە خولەكی 81 بەربەستی یەكسانبوونی شكاند و گۆڵی یەكەمی شێروانەی تۆمار كرد، بەڵام لەشكر عادل دوای ئەوەی هاتە نێو یاریگە لە خولەكی 92 ئەنجامەكەی بۆ یانەی رزگار هاوتا كردەوە، بەمەش دێربی گەرمیان بە خاڵێك بۆ هەرلایەك كۆتایی هات.

برایەتی یەكەمین سەركەوتنی بەدەستهێنا
یانەی برایەتی یەكەمین سەركەوتنی لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرایەتی یونس سلێمان بەرامبەر شەقڵاوە بەدەستهێنا، كاتێك سەوزپۆشەكانی پایتەخت لەنێو یاریگەی خۆیان بە گۆڵێكی محەمەد خەلیل كە لە خولەكی 60 تۆمار كرا لە شەقڵاوەی بردەوە، ئەمەش یەكەمین شكستی یانەكەی خۆشناوەتی بوو لەم وەرزە.

پێشەسازی نازانێت شكست چییە
یانەی پیشەسازی كە ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتووە و خەریكە دەبێتە تیپێك كە بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات، لە دووەمین یاریی ئەم وەرزەی میوانداریی سیروانی نوێی كرد.
پیشەسازی لە خولەكی 30 لە رێگەی رەنجاو موسڵیح بەربەستی یەكسانبوونی شكاند و بە گۆڵێك پێشكەوت، بەڵام نوێنەرەكەی سلێمانی لە خولەكی 50ـی نیوەی دووەم هاتە دەنگ و لە رێگەی ئەزهەر فەتاح ئەنجامەكەی هاوتا كردەوە و یارییەكەش بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.