دۆسیەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی سوودانی لە هەولێر

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

ئەمڕۆ سەرلەبەیانی 13ـی تشرینی دووەمی 2024،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، لە کۆبوونەوەیەکیشدا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم و سەرژمێری و بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان تاوتوێ دەکات.

دوێنێ سێشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ 13ـی تشرینی دووەمی 2024، کاتژمێر 9ـی سەرلەبەیانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازیی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.

پەیامنێری کوردستان24 دیلان بارزان ئاماژەی بەوە کرد کە، دۆسێی گفتوگۆکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پرسی سەرژمێری و تێبینیەکانی کورد لەسەر پرسی ناوچە کوردستانییەکانی چوارچێوەی ماددەی 140 کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تێبینییەکانی کوردی بەهەند وەرگرت و بڕیاری پیویستی لەبارەیەوە دا بەوەی، ئەنجامەکانی سەرژمێری لە ناوچەکانی ماددەی 140 ڕانەگەیەندرێت.

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش، پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت، لەگەڵ پرسی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان.

پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت .