فشار لە بنەماڵەی بارش چاکان دەکرێت راستییەکان نەڵێن
بارش بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی لە ئەنقەرە کوژرا
K24- هەولێر:
گەنجێکی کورد بەناوی بارش چاکانی تەمەن 19 ساڵ بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی، لە لایەن سێ گەنجی رەگەزپەرستی تورک لە ئەنقەرە کوژرا، ئێستاش فشار لە خێزانەکەی دەکرێت.
باوك و ئامۆزا و ھاوڕێكانی بارش بە كوردستان24یان راگەیاند، بارش گەنجێكی بێ كێشە بووە و تەنیا لەبەر ئەوەی كوژراوە كە گوێی لە موزیك و گۆرانی كوردی گرتووە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی ناوخۆی توركیا ھەواڵەكەی رەتكردووەتەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی ھەدەپە دەڵێن، فشارێكی زۆر لە خانەوادەی بارش كراوە تاوەکو راستییەکان نەڵێن و رووداوەكە بشارنەوە چونکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.
رووداوەکە:
باڕش چاکانی تەمەن 19 ساڵ، شەوی 31/05/2020 کاتژمێر 10 و 30 خولەکی شەو لەگەڵ هاوڕێیەکی لە ئەنقەرە چووەتەوە دەرەوە، بە گووتەی بنەماڵەکەی، بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، سێ گەنجی تورک هێرش دەکەنە سەری و بە چەقۆ دەیکوژن.
شەریف ئۆتی، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە گووتەی هاوڕێکەی، چوون بۆ پارک و لەوێ گوێیان لە گۆرانی کوردی گرتووە، دواتر لە لایەن سێ گەنج بە چەقۆ هێرشکراوەتە سەریان و باڕش کوژراوە، هێرشکەرەکانیش هەڵاتوون.