ڕێباز حەملان: هەندێک لایەن کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە سیاسی دەکەن

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەردانیکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو کاتەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە".

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەردانیکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو کاتەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە ئێستا ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت".

حەملان گوتیشی: "عێراق لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری دایە، لەسەر پرسی سەرژمێری کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە کەمتر لە ساڵێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەروەها گرفت و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە گرنگە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت".

ڕێباز حەملان باسی لەوەش کرد، ئێمە کێشەکانمان لەسەر ئەوەیە، بەردەوام هەندێک لایەنی دەرەوەی حکوومەت یاخود ئەو لایەنانەی بەشداریشن لە حکوومەت، دەستوەردان دەکەن و بەشێک لە کێشەکان بەسیاسی دەکەن، بۆیە سوودانی بەو دەسەڵاتەی هەیەتی بەردەوام هەوڵدەدات بەشێک لەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارە بکات، بەڵام زۆرجار لەژێر فشاردا ناتوانێت هەندێک بڕیار بدات".

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو پابەندیانەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەپێی دەستوور جێبەجێ کراوە، بەتایبەتی هەموو ئەو ڕێنماییانەی بەغدا کە لەسەر بودجە دایەتییە هەرێمی کوردستان جێ بەجێ کراوە".