نێچيرڤان بارزانى و سوودانى: پێویستە کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەر چارە بکرێن
بهيانيى ئهمڕۆ چوارشهممه، 13-11-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینهی نوێی حکوومەتی هەرێمى كوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر - بەغدا، هەروەها بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران.
وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوودانی، پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداريی بەرفراوانی هاووڵاتیانی ههرێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاريی سیاسيی گەلی کوردستان و پابەندبوونيهتی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه".
هەردوولا "جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان ههولێر و بهغدایان لە ڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقهوه، کردەوە. ههروهها هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانيان".
لاى خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە "ستایشی پشتگیريی سەرۆک وەزیران سوودانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد بۆ سهرخستنى هەڵبژاردن و جەختی لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە."
لە تهوهرێكى ديكهى کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق تاوتوێ کران. لهمبارهيهوه هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكهوتهكانى ململانێی هەرێمی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و چۆنیەتيی پەرەپێدانیان، لايهنێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو كه ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا، ئامادهى بوون.