ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سووریا هەمیشە لە ڕۆژەڤماندایە
سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەمیشە لە رۆژەڤیاندایە و هەر کاتێک هەست بە هەڕەشە بکەن، ئامادەن ئۆپەراسیۆن دەست پێ بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە باکو، لەناو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا ڕایگەیاند، هێشتا ئومێدی بە بەشار ئەسەد ماوە لەگەڵی کۆببێتەوە و پێکەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا چاک بکەنەوە.
ئەردۆغان راشیگەیاند "پێویستە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی نێوان سووریا و تورکیا لەناوبنێین، زەمینەی دادپەروەریی و ئاشتیی هەمیشەیی فەراهەم بکەین." باسی لەوەش کرد، ئەوان دەستیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان درێژ کردووە کە ئەم دەستە دەرگای ئاشتی و ئارامیی بەڕووی سووریا دەکاتەوە.
سەرۆک کۆمار جەختیشی کردەوە "تورکیا هەڕەشە نییە بۆ سەر خاکی سووریا، بەڵکو پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، پێویستە بەشاڕ ئەسەد کەشێکی نوێ لە سووریا فەراهەم بکات."
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەردۆغان گوتی: "لەپێناو ئاسایشی تورکیا و ئارامیی هاووڵاتییان ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەمیشە لە رۆژەڤماندایە و هەر کاتێک هەست بە هەڕەشە بکەین، ئامادەین ئۆپەراسیۆن دەست پێ بکەین."
سەرۆک کۆماری تورکیا گوتیشی "ناسەقامگیرییەکی تەواو لە باکووری سووریا بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناسەقامگیریی ئەو ناوچەیە سوود وەربگرن و ئەو ناوچانە بکەن بە پەناگەی خۆیان کە ئەمەیان بۆ تورکیا هەڕەشەی ئەمنییە." دووپاتیشی کردەوە "تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لەدژی داعش، پەیەدە، یەپەگە و پەکەکە بۆ پاراستنی تورکیا بووە."