حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک: پێویستە سەرژمێریی لە ناوچە جێناکۆکەکان وەک خۆی ئەنجام بدرێت
حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک لەبارەی پرسەی سەرژمێریی دانیشتووان کۆ بوونەوە و ڕاگەیەندراوێکی سێ خاڵییان بڵاو کردەوە، کە تێیدا جەختیان لە پێویستی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد بەپێی دەستوور و یاسا کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، لەسەر داوای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان، لەبارەگای لقی (سێ)ی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی حزبە کوردستانییەکان ئەنجام درا.
وێڕای ئامادەبوونی بەرپرسی یەکەمی حزبە کوردستانییەکانی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەکەدا میوانداریی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سیروان محەممەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری و بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق، وە جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە کرایەوە:
1- کۆبوونەوە و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی تایبەت بە پرسی سەرژمێری بەرز نرخێنرا و داوا کرا، کاری زیاتر بکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
2- داوا لە هاووڵاتییانی پارێزگای کەرکووک کرد کە لە هەر شوێنێکن لە ڕۆژی سەرژمێری بگەڕێنەوە پارێزگای کەرکووک و بەشداریی لە پرۆسەکە بکەن.
3- پێویستە سەرژمێرییەکی پاک و بێگەرد بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان و تەواوی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێریی لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەک خۆی ئەنجام بدرێت لەپێناو پاراستنی مافی پێکهاتە ڕەسەنەکانی پارێزگای کەرکووک.