هاووڵاتییان لە ساڵیادی سلێمانی بەیادى جاران سەردانى سەرچنار دەکەن و یادگاریی تۆمار دەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024، سلێمانی تەمەنی دەبێت بە 240 ساڵ، سەیرانگا تاقانەکەى ناو شاریش لە دروست بوونى سلێمانییەوە سەیرانگایە. بەشێک لە بەتەمەنەکانی شار دەڵێن: سەرچنار دەستکارى کراوە لەڕابردوو جوانتر بوو بەڵام ئێستەش هەر شیرینە.
سەرچنار ھەر لەگەڵ دروستبوونی شاردا شوێنی پشوودانو کاتبەسەربردن بووە، بەڵگەی ڕاستیی ئەمەش ئەو ئاماژە جوان و گرنگیپێدانەی نالی-یە بە ناوى ئاوی سەرچنار، کە لە چەمە بەناوبانگەکەی قوربانی تۆزی ڕێگەتم باسی کردووە.
جەلال جومعە، کەسایەتى دێرینى سلێمانى بە کوردستان24 دەڵێت: لە ڕابردوودا لەگەڵ هاوڕێکانم دەهاتینە سەرچنار لەناو ئاوەکەی دادەنیشتین و چامان دەخواردەوە، بەڵام ئێستە وەکو جاران نییە سلێمانی و سەرچنار زۆر بێ خزمەتە.
جگە لەوەی کە سەرچنار سەرچاوەی ئاو بووە بۆ سلێمانی، کارگەی چیمەنتۆی تیابووە، ھاوینەھەوارێکی خۆشبووە، لەگەڵ پێشکەوتنەکانى جیهان گۆڕانکارتى تۆپۆگرافیش بەسەر سەرچناردا هاتووە ئەمە بۆ کەسایەتییە دێرینەکانى شار هەرسکردنى قورسە. دەڵێن: "سروشت نابێ دەستکارى بکرێت".
لای خۆیەوە ئومێدى شلک، کەسایەتى دێرینى سلێمانى دەڵێت: لە تەمەنی 10 ساڵیدا سەردانی سلێمانیم کرد، سەرچنار دیوارەکانی کەڵەک بوو، ئاوەکەی وەک چەمێک دەڕۆشتە خوارەوە و دیمەنێکی سروشتی جیاوازی هەبوو، ئەوەش دەهاتە سەرچنار هەمووی خەڵکی ڕەسەنی شاری سلێمانی بوو
شۆڕش حەسەن، کەسایەتى دێرینى سلێمانى گوتی: دوای ئەوەی هەندێک کۆمپانیا هاتن دەستکاری سەرچناریان کرد، گۆرانیان تێدا کرد، بەڵام سروشت و دیمەنەکەی جارانی جوانتر بوو.
شێرکۆ موستەفا، کەسایەتى دێرینى سلێمانى ڕایگەیاند، سلێمانی شوێنێکی دڵگیر و خۆشە، لە ڕابردوو هەمووشتێک سروشتی بوو لێرە، ئیستە سەیر دەکەی ئەو سروشتەی جارانی نەماوە، هەموو شتێک بە سروشتی خۆیەوە جوانە، سلێمانی و سەرچنار جوانییەکەی جارانیان نەماوە.
شاری سلێمانی تەمەنی دەبێت بە 240 ساڵ و یادی دەکرێتەوە داوا دەکرێ سەرچناریش وەکو شوێنێکى گەشتیارىی ناو شارى سلێمانى بایەخی زیاترى پێبدرێت، چونکە تەمەنى هاوشانى تەمەنى دروستبوونى شارە .