ئومێد خۆشناو: هەولێر ئامادەیە بۆ سەرژمێریی گشتیی
ئومێد خۆشناو ڕایدەگەیەنێت: پارێزگای هەولێر تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی کردووە و ئێستا هەولێر بۆ سەرژمێریی ئامادەیە، دەشڵێت: قەدەغەی هاتوچۆی سەرژمێریی، وەک قەدەغەی هاتوچۆی سەردەمی پەتای کۆرۆنا نابێت.
پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پارێزگای هەولێر هەموو ئامادەکارییەکی بۆ پرۆسەی سەرژمێریی کردووە و ئێستا هەولێر ئامادەیە بۆ سەرژمێریی گشتیی.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند ، لە ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر دەکرێت سەرباری کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دانانی میکانیزمەکانی ئەو دوو ڕۆژەی کە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەندرێت لە ڕۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم.
ئومێد خۆشناو داوای لە هاووڵاتییان کرد، لەپێناو ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، لە ماڵەکانیان بمێننەوە لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا، هاوکات بەشداریی کارا بکەن لە پرۆسەی سەرژمێریی، گوتی: ئەو سەرژمێرییە، چارەنووسی شار و ناوچەکان دیاریی دەکات.
ئومێد خۆشناو لەبارەی ئاوارەکانی شنگال گوتی: لە ڕاپرسیدا خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە لەهەر شوێنێک بن، لەسەر ناوچە ڕەسەنەکەی خۆیان دەژمێردرێن.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی:قەدەغەی هاتوچۆ بۆ سەرژمێری، وەک قەدەغەی هاتوچۆی سەردەمی پەتای کۆرۆنا نابێت، ڕایگەیاند کە، دەروازە سنوورییەکان کراوە دەبن و فڕۆکەخانەکان گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبێت.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: ئێستا پارێزگای هەولێر ئامادەیە بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتی.
هەر لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆی بڵاو کردەوە کە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم جێبەجێ دەکرێت.
پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی پلاندانان بڵاو کردووەتەوە کە، مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بە سەرکەوتوویی و ئاسانکاری لە جوڵە و هاتوچۆی بژمێر و تیمەکانی مەیدانی کە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری ڕاسپێردراون، هەروەها لایەنە یارمەتیدەرەکانی دەزگا ئەمنییەکان لە ماوەی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە (20-2024/11/21) ئەم ڕێنماییانەیان دەرکردووە.
1- سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە نیوەشەوی (19-20)ی تشرینی دووەم لە کاتژمێر (12:00)ی شەو دەست پێدەکات و تاکوو کاتژمێر (12:00)ی شەوی (22/21)ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
2- جوڵەی هاونیشتمانییان و ئۆتۆمبێل لە کاتی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ سنووردار دەکرێت (لە نێوان پارێزگاکان، قەزاکان و ناحیەکان و لە نێوان شارنشین و گوندنشین، یاخود لە نێوان ناحیە و قەزا و بە پێچەوانەوە)، جگە لە حاڵەتە مرۆیی و زۆر پێویستەکان و بارودۆخی سروشتی و ئەمنی.
3- لایەنە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە پارێزگاکان و ئیدارەکان سەرجەم (بژمێرەکان، بەڕێوەبەری گەڕەك/گوند و یاریدەدەرەکانیان، سەرپەرشتیاران و چاودێران) بە فەرمی ڕێگەیان پێدەدەرێت، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەرانی وەزارەتی پلاندانان دەدرێت بۆ جوڵە و هاتوچۆکردن بۆ مەبەستی کاری سەرژمێری، بە هەمان شێوە، ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکاران کە لایەنە فەرمییەکان ڕێگەیان پێ داوە و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەڵگری باجی ناساندنن لە دوو ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆدا ڕێگەپێدراون.
4- هەموو ئەو کەسانەی کە ئەركیان پێ سپێردراوە و لە ئێشگگریدان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن، وەك کارمەندانی تەندروستی و پزیشکی و خزمەتگوزاری کە لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانن و بە پێی مۆڵەتی فەرمیی فەرمانگەکە و پێش ڕێککەوتی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ بەرژەوەندیی گشتی داوای کار و ئامادەبوونیان لێکراوە.
5- هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، بەرگریی شارستانی، گەڕانی هاتوچۆ و فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن.
6- قەدەغەی هاتوچۆ، باڵیۆزخانەکان، نێردە دیپلۆماسییەکان، دەزگا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناگرێتەوە.