سەرەڕای قەیرانی کارەبا، ئاستی هەناردەی گازی ئێران بۆ وڵاتان زیادی کردووە
لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی کارەبا لە ئێران، بە هۆی دابیننەکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، دەرئەنجام، لانی کەم پچڕانی کارەبای ڕۆژانەی دوو بۆ سێ کاتژمێر لێ کەوتووەتەوە. لە کاتێکدا، ئێران بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی هەناردەی گازی سرووشتی بۆ وڵاتانی جیهان.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی وزەی ئێران، وێستگەکانی هەڵمی لە ئێران 95%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای پێک دەهێنن، ڕۆژانە وێستگەکان پێویستیان بە 280 ملیۆن مەتر سێجا گاز یاخود 225 ملیۆن لیتر مازۆت و گازوایل هەیە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە زۆری ئێران لە وەرزی زستان دووچاری کەمبوونەوەی گاز بووەتەوە، بەڵام ئێستا ئێران لە سەرجەم وەرزەکاندا بەدەست کەمبوونەوەی سووتەمەنی دەناڵێنێت. ناوەندیی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: ئێران لە وەرزی بەهار و هاویندا ڕۆژانە ڕووبەڕووی کەمی گاز بە 150 ملیۆن مەتر سێجا بووەتەوە، بەم ڕەوتە ڕەنگە لە زستانی ئەم ساڵ بگاتە 300 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا.
ئامارەکانی وەزارەتی وزە دەریدەخەن، ئێران لە ساڵی ڕابردوودا هەشت ملیار لیتر مازۆتی لە وێستگەکانی کارەبادا بەکارهێناوە، ئەمە جگە لە دوو هێندە لە گازوایل لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.
ئێران لە دوای رووسیا دووەم گەورەترین یەدەگی گازی جیهانی هەیە و ڕیزبەندی چوارەمی بەرهەمهێنەرانی گازی گرتووە. پەرەپێنەدان بە وزەی نوێبووەوە، بەفیڕۆدانی وزە بە گشتی، بە تایبەتی لە گاز و کەمی کارایی وێستگەکانی کارەبا، وڵاتەکەی تووشی کورتهێنانی گاز کردووە، سەرباری هەموو ئەمانەش بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی هەناردەی گاز بۆ دەرەوە، نایەوێت بازاڕەکان بۆ وڵاتانی دیکە چۆڵ بکات.
ئامارەکانی کۆمپانیای بی پی ئاشکرای دەکەن، ئێران ساڵی ڕابردوو 12 ملیار مەتر سێجا گازی بۆ هەر یەک لە وڵاتانی تورکیا و عێراق هەناردە کردووە. لە کاتێکدا هێشتا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی قەبارەی هەناردەی گازی ئیران لەبەردەست نیە، ئامارە فەرمییەکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 4.2 ملیار مەتر سێجا گازی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە 10.5% بەرز بووەتەوە.
لە ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووشدا، حکوومەتی ئێران پێشبینی هەناردەکردنی گاز بە بڕی 16 ملیار مەتر سێجا دەکات و بەهاکەی دەگاتە 5.2 ملیار دۆلار.