بوڵتەنی عەرەبی هەواڵەکانی کوردستان و عێراقتان پێشکەش دەکات
دامەزراوەی کوردستان 24 بەردەوامە لە پەخشکردنی بەرنامەی "بوڵتەنی عەرەبی" لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی ڕاگەیاندنەکانییەوە و تێیدا چاو بە دیارترین کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەخشێنێتەوە.
بوڵتەنی ئەمڕۆی پێنجشەممە 14 ی تشرینی دووەمی 2024 لەلایەن ئەحمەد عەبدولڕەزاق و مەروە ئەلسەوادی پێشکەش دەکرێت، باس لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان دەکات کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان دۆسیەی گرنگی تاوتوێ کرد،لەوانە نەوت و مووچە و سەرژمێری دانیشتووان و پێکهێنانی حکومەتی دەیەمی هەرێمی کوردستان.
هاوکات بوڵتەنەکە باس له یادی 100 ساڵەی له دایکبوونی دانیال میتران هاوسەری سەرۆکی پێشووی فەرەنسا دەکات که داکۆکیکار بووە له دۆزی کورد. هەروەها یادی 240 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی ددەکاتەوە.
"بوڵتەنی عەرەبی" ئاماژە بە پرسی سەرژمێری دانیشتووان و ترسی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەسیاسی کردنی پرۆسەکە، هاوکات ئاماژە بە لێدوانی وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە پەسەندکردنی سەرژمێری ساڵی 1957 وەک بەڵگەیەک بۆ ڕەچەڵەکی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە بوون.
هەروەها تیشک دەخاتە سەر قوتابخانەی ئەرمەنی لە زاخۆ و گرنگی پاراستنی زمان و کەلتووری ئەرمەنییەکان، جگە لەڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنان سەبارەت بە دروستکردنی باخچەی ساوایان لەهەر پڕۆژەیەکی نوێی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان.
بوڵتەنەکە باس لە فیستیڤاڵی تەحینی ئامێدی و بایەخدان بە پیشەسازیی ناوخۆیی دەکات، جگە لە باسکردنی برنجی ئاکرێ.
دواتر باس لە دروستکردنی گۆڕستانێکی نوێ لە دهۆک دەکات کە ڕووبەرەکەی 216 دۆنم دەبێت و بۆ زیاتر لە سەدەیەک دیزاین کراوە و دەمێنێتەوە، ڕێگاوبان و دارستانی بۆ کراوە و تایبەتمەندی تێدا ڕەچاو کراوە.
لەسەر ئاستی عێراق، بوڵتەنی عەرەبی، گفتوگۆ لەسەر دووبارە دانانەوەی ناوی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات.
بوڵتەنەکە بە کۆمەڵێک بابەتی دیکە، سەرنجی بینەرانی عەرەب لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕادەکێشێت، لەگەڵ پێداچوونەوە بە دوایین هەواڵی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاری لە سەرانسەری ناوچەکە و عێراق.
بەوڵتەنەکە بەشێکی دۆکیۆمێنتاری کۆتایی دێت کە تیایدا محەمەد تەمیمی ڕاپۆرتێک لەسەر "نەهێشتنی بیروکراسی" پێشکەش دەکات، لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە ساڵی 2019ەوە.