تورکێک بە تۆمەتی دابینکردنی بەلەمی بچووک بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەران دەستگیر دەکرێت
یۆرۆجیست،ئاژانسی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەماهەنگیی لە بواری تاوان و دادگەریی ڕایگەیاند:پۆلیسی هۆڵەندا کەسێکی تورکی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی دابینکردنی بەلەمی بچووک بۆ بەقاچاخ بردنی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزدا کە ئەمساڵ زیاتر لە 50 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەیان لەوێ گیانیان لەدەستداوە.
دەزگای دادوەری ئەوروپا دەڵێت: ئەو کەسە تەمەن 44 ساڵە دوای دابەزینی لە فڕۆکەخانەی سخیپۆل لە ئەمستردام، وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشی بەلجیکا و بەریتانیا و هۆڵەندا، دەستگیر کراوە.
ئاژانسی یۆرۆجیست کە بنکە لە لاهای هۆڵەندایە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "گومان دەکرێت ئەو کەسە سەرپەرشتی دابینکردنی بەلەمی بچووک بکات بۆ گواستنەوەی مرۆڤ کە قاچاخچیەکان لە بەلجیکا و باکوری فەڕەنسا کاریان لەسەر دەکردن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو بەلەمانە مەترسیدار بوون و لە دەریادا بەکارناهێنرێن و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد "تا ئێستا لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە 50 کەس لە هەوڵی پەڕینەوە گیانیان لەدەستداوە."
ئەو گوتی ئەو پیاوە ڕادەستی بەلجیکا دەکرێت و لەوێ ڕووبەڕووی تۆمەتی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە چوارچێوەی چالاکیەکانی رێکخراوێکی تاوانکاری" دەبێتەوە.