راگەیندراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە
هەر كهسێك پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر
K24- ههولێر:
له راگهیهندراوێكدا ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر نوێترین راسپارده و بڕیارهكانی لهباره قهدهغهی هاتووچۆ راگهیاند.
دهقی راگهیهندراوهكهی ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە 2/6/2020، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیار و راسپاردانەی خوارەوە:
یەکەم/ بەناوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پێویستی دەزانین سوپاس و ستایشی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەین، کە بەهەق نموونەیەکی جوان و شارستانیان لە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی قەدەغەی هاتووچۆ نیشاندا و ئێمەیان سەربەرز کرد.
دووەم/ دوای ئەو کۆبوونەوەی کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیارانی یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکان ئەنجامدرا، لەبەر بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان، بڕیاردرا لە سبەی 3/6/2020 کاتژمێر (6)ی ئێوارە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەکان کۆتایی پێبهێنرێت.
سێیەم/ سەرجەم دوکان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان کرابوونەوە دەکرێنەوە، بە مەرجی جێ بەجێ کردنی رێنامایی خۆپارێزی تەندروستی وورد، کە بۆ هەر سێکتەرێك کۆمیتە و لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردن و جێ بەجێ کردنی ئەو ڕێنماییانە پێکهێنراوە، بۆیە داواکارین هەموو هاووڵاتیان و ئەو شوێنانەشی کە کاردەکەن، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەر شوێنێك پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوراەم/ راگرتنی هاتوو چۆ بەشێوەیەکی تەواو لە نێوان سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی دیكهی عێراق، بەپێی خاڵی یەکەمی بەیانی ژمارە(38)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا کاتژمێر (12)ی شەوی 6/6/2020، بەداخراوی دەمێنێتەوە.
پێنجەم/ هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، هەموو توانای خۆمان لەپێناو پاراستن و پارێزگاریکردنیان خستووهتەگەڕ، بەهەموو شێوەیەکیش لە هەوڵەکانمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و بەدوورگرتنی هاوڵاتیانمان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامین، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە و سەرچاوەی تەشەنەکردنەکەشی نادیارە، تووشبووانی ئەم دوایەش بەم ڤایرۆسە حاڵەتەکانیان ناجێگیرە و سەرچاوەی توشبوونیان نادیارە، بەداخەوەش لەشارەکەماندا بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا، بۆیە داواکارین و تکا لە هاووڵاتیانی شارەکەمان دەکەین پابەندی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن و زۆر هەستیارانە مامەڵە بکەن و خۆیان بەدووربگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و دەستکێش و دەمامك ببەستن، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان و سەلامەتی هاووڵاتیانی.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2/6/2020
H.B