وەزارەتی تەندروستی: ئەگەر بێباك بین كارەسات روودەدات

"حاڵەتە ناجێگیرەكان لە ھەرێمی كوردستان زۆرن"

K24 - ھەولێر

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت، حاڵەتە ناجێگیرەكان لەناو تووشبووانی كۆرۆنا زۆر بووە و "ئەگەر خۆمان نەپارێزین و بێباك بین كارەسات روودەدات".

د. محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان  لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباش بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێویستە ھەموو ھاووڵاتییان خۆیان و كەسوكاریان لە تووشبوون بە كۆرۆنا بپارێزن، ئەوەی ئێستا ھەیە نیشانەیەكی ئاگاداركردنەوەی توندە، پێویستە بەرەو ئامادەكاری دیكە ھەنگاوبنێین".

ئاماژەی بەوەشدا: "بە خۆشحاڵییەوە ئەو كەسانەی لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە دووبارە تووشی كۆرۆنا نەبوونەتەوە".

راشیگەیاند: "نزیکەی 200 ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بۆ تووشبووانی کۆرۆنا هەیە، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نەبن و ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زیاتر بێت، ئەوا دەبێت هاووڵاتییان چاوەڕێی لەدەستدانی ئازیزانیان بن. تائێستا زیاتر لە 12 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان كەرەنتین كراوە و نزیكەی 80 ھەزار كەس پشكنینیان بۆ كراوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا كێشەی شوێن و چارەسەری نەخۆشەكانمان نییە، بەڵام ئێوە لەوە دەترسین ژمارەكان لە 10 ھەزار تێپەڕێت و ژمارەی مردووان زیاتربێت".

باسی لەوەشكرد: "بەپێی داتا جیھانییەكان زۆربەی ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا دەبن كەمتر نیشانەكانیان لێدەردەكەوێت، تا كۆتایی مانگی 6 زیاتر لە 70% تووشبووان بەمشێوەیە بوون، بۆیە خەڵك دەیانگوت نەخۆشەكانی ئێرە باری تەندروستیان جیگیرە، لەبەر ئەوەبوو كەرەنتینە ھەبوو دۆخەكە كۆنترۆڵ كرابوو، بەداخەوە دواتر خەڵك پابەند نوون و ڤایرۆسەكە چووە ناو كۆمەڵگە و ئێستا سەرچاوەی نادیاری بڵاوبوونەوەمان ھەیە".

د. محەمەد قادر، ئاشكرای كرد: "حاڵەتە ناجێگیرییەكان زۆرن بەتایبەتی لەم ھەفتەیە، راستە مەترسی زیاتر لەسەر ئەو كەسانەیە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە و جگەرەكێشن، بەڵام لەم دوایەدا حاڵەتی گەنجی تەندروستیش ھەیە بەتایبەتی لە شارەكانی دیكەی عێراق".

جەختیكردەوە: "دۆخی ئێستای كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان شەپۆلی دووەم نییە، بەڵكو ھەڵكشانە لە شەپۆلی یەكەم، لە دوای شلكردنی رێكارەكان، لێرەوە دۆخەكە لە دەست ئێمە و ھاووڵاتییانە ئەگەر بێباك بین كارەسات روودەدات، چونكە ئێستا ڤایرۆسەكە لەناو كۆمەڵگەدایە بە نەزانراوی، ئەمەش مەترسیدارە".

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تائێستا 830 ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان تۆمار كراون، 382 كەسیان لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە و 14 حاڵەتی گیان لەدەستدان ھەیە.