لالیگا بە ئامادەبوونی هاندەران دەستپێدەکاتەوە

یانەکان پێداگیری لەسەر رێگاپێدانی هاندەران بۆ ئامادەبوونیان لە یارییەکان دەکەن

گەرچی هێشتا یارییەکانی لالیگا دەستیان پێنەکردووەتەوە، بەڵام لە ئێستاوە یانەکانی ئیسپانیا پێداگیری دەکەن حکومەت رێگا بە ئامادەبوونی هاندەران بدات.
وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا خەریکی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکان بدات، لەکاتێکدا پێشتر ئەنجوومەنی لالیگا رایگەیاندبوو لە رۆژی 11ی ئەم مانگە یارییەکانی لالیگا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەستپێدەکاتەوە.
بەشێک لەو یانانەی کەوتوونەتە دەرەوەی شارەکانی بارسێلۆنا و مەدرید داوا دەکەن رێگایان پێبدرێت هاندەران ئامادەی یارییەکان بن، چونکە ناوچەکانیان بەراورد بەم دوو شارە رێژەی تووشبووانی کۆرۆنای تێدا کەمتر تۆمارکراوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا رەتیدەکاتەوە رێگا بدات لە بەشێکی یارییەکان هاندەران ئامادە بن و لە بەشێکی دیکەی یارییەکان ئامادە نەبن، یانەی لاس پالماس کە یانەیەکی پلە دووی ئیسپانییە و کەوتووەتە دوورگەی کەناری بڕیاریداوە لە یاریی یەکەمی کە رۆژی 13ی ئەم مانگە ئەنجامی دەدات رێگا بە ئامادەبوونی %30ی هاندەران بدات.
میگێل ئانخێل رامیرێز، سەرۆکی یانەی لاس پاڵماسی بە رۆژنامەی مارکای راگەیاندووە دوورگەی کەناری زۆر ئارامە و دوورە لە کۆرۆنا بۆیە دەیانەوێت لە یارییەکانیان رێگا بە ئامادەبوونی بەشێکی هاندەران بدەن.
وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر دۆخەکە گونجاو بوو رێگا بدەن %30 تاکو %40ی هاندەران ئامادەی یارییەکان بن، کە رۆژی سێشەممە جیرارد پیکێی بەرگریکاری بارسێلۆنا و دانی کارڤاخالی بەرگریکاری ریال مەدرید و کوکی ناوەڕاستکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئەسیر ئیارامێندی ناوەرڕاستکاری ریال سۆسیداد لەگەڵ سلڤادۆر ئیلا، وەزیری تەندروستی ئیسپانیا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا بکەن، هەر چوار یاریزانەکە و وەزیرەکە رایان وابووە لەم دۆخەدا نابێت رێگا بە ئامادەبوونی هاندەران بدرێت و پێیانوایە هێشتا مەترسییەکە ماوە، تەنانەت جیرارد پیکێ پێیوابووە پەلە لە دەستپێکردنەوەی یارییەکانی لالیگا کراوە، لەکاتێکدا رۆژی دووشەممە بۆیەکەمجار لە ئیسپانیا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمارنەکرا و رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووانی کۆڤید19 لە ئیسپانیا روو لە کەمییە.