ئەحمەد کەرکووکی: ئەم سەرژمێرییە دەروازەیەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "ئەگەر سەرژمێری لە عێراق گرنگ بێت، ئەوە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 بە کەرکووکیشەوە زۆر گرنگترە."

د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لەهەموو وڵاتان سەرژمێری بایەخ و تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە عێراقیش کە ئێستا سەرژمێری دەکرێت، بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە بۆ گەشەپێدان و ئابووری و کۆمەڵایەتیە."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئەگەر سەرژمێری لە عێراق گرنگ بێت، ئەوە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 بە کەرکووکیشەوە زۆر گرنگترە، چونکە لەو ناوچانە شەڕی بوونی شوناس هەیە، هەروەها شەڕ لەسەر خاک و مانەوەی نەتەوە هەیە."

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی:"هەرچەندە سەرژمێرییەکە بۆ بابەتی گەشەسەندنە، بەڵام ئێمە بەگرنگی دەزانین ئەوانەی خەڵکی کەرکووکن بەڵام لە هەولێر و سلێمانی نیشتەجێن، بگەڕێنەوە خۆیان ناونووس بکەن، چونکە ئێستا هیچ فەرمانبەرێک لە کەرکووک ئەگەر خۆی یان باب و باپیری سەرژمێری ساڵی 1957ـی نەبێت یەک پارچە زەوی وەرناگرێت."

 ئەحمەد کەرکووکی ڕاشیگەیاند "ئێمە لەسەرەتادا ترسمان لەو سەرژمێرییە هەبوو، بەڵام دوای کۆبوونەوەی هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال و گەیاندنی نیگەرانییەکانی کورد بەبەغدا، ئێستا نیگەرانییەکان تۆزێک کاڵ بووەتەوە، تەنانەت ئەو سەرژمێرییە دەروازەیەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140."

باسی لەوەش کرد "لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەو سەرژمێرییە بۆ دامەزراندن و دابەشکردنی زەویش بەکار دەهێنرێت، بۆیە کە پێشتر ناوی سەرژمێریی 1957 دەهێنرا، لەمەودوا ناوی سەرژمێری 2024 دەهینرێت، لەبەر ئەوە ئێمە بانگەوازمان کردووە کە خەڵکی خۆمان بێن و خۆیان ناونووس بکەن."

دەشڵێت: "هەموو عەرەبە هاوردەکانی شاری کەرکووک، دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەگەر سەرژمێریش لەکەرکووک بکەن لەسەر شاری خۆیان هەژماردەکرێن نەک لەسەر کەرکووک، هەروەها بۆ ئەو سەرژمێرییە، سەرژمێری ساڵی 1957 کراوەتە بنەما".

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment