مەسرور بارزانی سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدانی تەقینەوەکەی خورماتوو دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

یەکشەممە، 17ـی تشرینی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی لەبارەی تەقینەوەکەی خورماتوو و شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و سەربازی سوپای عێراق بڵاو کردەوە. 

سەرۆک وەزیران لە پرسەنامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ( عەقید روکن سامان سابیر سلێمان فەرماندەی فەوجی لیوای یەکی هاوبەش و عەقید محەمەد ڕەزا کەریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی نۆی زرێپۆشی سوپای عێراق و ن.ض  شەریف ئەحمەد محەمەدەمین) دەکەم، کە بە داخەوە، ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو شەهید بوون."

مەسرور بارزانی هیواش دەخوازێت "خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە بنەماڵە و هەڤاڵ و هاوسەنگەرەکانیان ببەخشێت. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم."

سەرۆک وەزیران جەخت لە "گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و کێشە ئەمنییەکان و چەسپاندیی ئارامیی و سەقامگیریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان" دەکاتەوە.