بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق: بە زووترین کات مووچەی مانگی 10 خەرج دەکرێت
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی دەکاتەوە "مووچەی مانگی 10 بە زووترین کات دەگاتە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، ڕێباز حەملان، وەکوو بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە کار بوو و لە لێدوانێکیدا بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەر ئەمڕۆ لەبارەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کۆ بووەتەوە."
بە گوتەی ڕێباز حەملان "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و فەرمانی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە بە زووترین کات ئەو مووچەیە ڕەوانە بکات."
بریکاری وەزارەتی دارایی باسی لەوەش کرد "ئێستە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران دەکرێت و بە زووترین کات ئەو مووچەیە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."