جەمال کۆچەر: پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان لە بودجەی گشتیی عێراق دیاری بکرێت

مووچە
مووچە

پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە و، پێی ناوەتە قۆناغەکانی کۆتایی. شارەزایان دەڵێن، سەرژمێریی دانیشتووان، داتای گرنگ بۆ پلاندانان و تەرخانکردنی سەرچاوەکان دابین دەکات، کاریگەری دەخاتە سەر سیاسەتەکانی حکوومەت لە روانگەی پەرەپێدانی ژێرخان، چاودێری تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتە داراییەکان.
وێڕای کاریگەری لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، زانیاری دروست سەبارەت بە ژیانی خێزانەکان دەخاتەڕوو. کەرتی تایبەتیش ئامارەکانی سەرژمێری دانیشتوان بۆ هەڵسەنگاندنی بازاڕەکان و بەردەستبوونی دەستی کار بەکاردەهێنن و وەبەرهێنانەکانیان ئاراستە دەکەن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشوان لە بودجەی گشتیی عێراق دیاری بکرێت. ئەنجامدانی سەرژمێری کاریگەری دەخاتە سەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، لە کاتێکدا ئێستا پشکی کوردستان لەسەر بنەمای کۆبۆنی خۆراک بە 12.67٪  لە بودجەی گشتییدا دیاریکراوە، لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێری پێویستە پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە لە یاسای بودجەدا دیاری بکرێت. 
سەبارەت بە رۆڵی سەرژمێریی دانیشتوان لە دەرخستنی دۆخی خێزانەکان و کارامەییەکانی هێزی کار،  سیروان محەممەد، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرژمێریی دانیشتوان دەتوانێت هێزی کار لە هەرێمی کوردستان بخاتەروو، لە کاتێکدا ناتوانێت ئاماری تەواو بۆ رێژەی هەژاری و بێکاری نیشان بدات، بەڵام ئامارەکان دەتوانن ئاسانکاری بکەن بۆ دەستەی ئامار بە ئامانجی دیاریکردنی رێژەی بێکاری و هەژاری لە کوردستاندا بخەنە ڕوو، هاوکات ئامارەکان دەتوانن دۆخی تەندروستی ، پەروەردە و دیموگرافی خێزانەکان نیشان بدەن.

سیروان محەمەد ئامارەکانی هێزی کاری بە پشتبەستن بە روپێوی ساڵی 2021 خستەڕوو، رایگەیاند: کۆی بەشداربووان لە هێزی کار لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 45.0٪  و رەگەزی نێر 73.5٪ و رەگەزی مێ 16.5٪ پێکدەهێنن.
لە چوارچێوەی رەهەندە ئابوورییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان، کاریگەریی لەسەر کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی و وەبەرهێنان دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریگەری بخاتە سەر ستراتیژی ئابووریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بەکارهێنانی ئامارەکان لە نێو پلانە ئابوورییەکاندا کاریگەری دەخاتە سەر دۆخی بێکاری و هەژاری و ئاستی بژێویی خێزانەکان.