لێژنەی باڵای ئەمنی ئامادەکاریی ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دەکات

لێژنەی باڵای ئەمنی
لێژنەی باڵای ئەمنی

لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە چوو.

دوای نیوەڕۆی  یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی پارێزگار و سەرپەرشتانی ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لەبایەخ و گرنگی پرۆسەی سەرژمێری گشتی کرا و هانی هەموو هاووڵاتیان درا کە بە ئامادەبوون لە ماڵەوە بە ڕاستی و دروستی داتاکانی خۆیان لەو پرۆسەیە تۆمار بکەن، ئەوەی پەیوەندی بە هاونیشتیمانیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە بە ناوچەکانی ماددەی 140 ناسراون، کۆبوونەوە هانی هاووڵاتیانی دا، ئەوانەی دەتوانن شوێنی مانەوە دابین بکەن، لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی 17 تا 19ی تشرینی دووەم تۆمار بکرێن و لە ڕۆژانی 20-21 ی تشرینی دووەمیش داتاکانیان پشت ڕاست بکرێتەوە و لەو ناوچانە کە زێدی خۆیان و باب و باپیریانە، تۆمار بکرێن.

کۆبوونەوەکە بڕیاریدا، پاڵپشت بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران- سەرۆکایەتی دیوان ژمارە 15988 لە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، فەرمانبەران و کارمەند و ئەفسەران، ئەوانەی خەڵکی ڕەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، پێویستە لە رۆژانی 17و 18 و 19ی تشرینی دووەم لەو شوێنانە بن بۆ ئەوەی لە لایەن بژمێرەکانی سەرژمێری زانیارییە سەرەتاییەکان تۆمار بکەن، دواتر پێویستە ڕۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم، وەکو ئەوەی لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە، لەو شوێنانە بمێنن بۆ ئەوەی بژمێرەکان پشتڕاستی زانیارییەکان بکەنەوە و دڵنیا بن لەوەی هیچ خانەوادەیەک یان ئەندامی خانەوادەیەک لەبیر نەکراوە، پێویستە هاونیشتیمانیان بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن و لەو ناوچانە خۆیان ناونووس بکەن، ئەوانەی گوند و لادێکانیان خاپوو کراوە و شوێنی مانەوەیان نیە، دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی ئێستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ناونووس بکەن، بەڵام ئاماژە بە زێدی ڕەسەنی خۆیان بکەن و هۆکاری ڕاگواستن و دەرکردنیان تۆمار بکەن.

دەربارەی دانیشتوانی خۆجێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانیش، پێویستە هاونیشتمانییان بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیان وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بژمێر تەواوی زانیاری خێزانەکەیان بە ڕاستی و دروستی تۆمار بکات.

هاوکات، هەر هاووڵاتیەک بە هەر هۆکارێک لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان نیە، پێویستە خانەوادەکەی بەڵگەنامە پێویستەکانی وەکو کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، لە لای خۆیان ئامادە بکەن و پێشکەشی بژمێری بکەن بۆ تۆمار کردن.

بڕیارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە ئەوەیە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری، کاتژمێر 12ـی شەوی 19 لەسەر 20، تا کاتژمێر 12ی شەوی 21 لەسەر 22ی تشرینی دووەمی 2024، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەندرێ، هاووڵاتیان پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن تا سەردانیان بکەن و زانیارییەکانیان بە دروستی تۆمار بکەن. هاتنە دەرەوە و هاتوچۆی ناوشارەکان و نێوان شارەکان سنووردار دەبێت و تەنها تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، ڕۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، بە سنوورداری کراوە دەبن، هەر دامودەزگایەکی دیکەی کەرتی گشتی و تایبەت کە سروشتی کارەکانیان پێویست دەکات، بە سنوورداری ڕێگای هاتوچۆیان پێ دەدرێت، نوێنەران و کارمەندانی نێردە دیبلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسانی بیانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە قەدەغەی هاتوچۆ ڕیزپەڕ دەکرێن.

هەروەها فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشتیاری و هاتن و جولەی بازرگانی کراوە دەبن.

لەگەڵ ئەوەی دەسەڵات دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەی کارەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن.