دوو کەسی دیکە لە پارێزگای هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
ئاماری نوێ
K24 - هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و تووشبووان، دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانکرا.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکردووە، تووشبووەکان دوو ئافرەتی تەمەن 75 و 32 ساڵن، تووشبوێکیان نیشانەی نەخۆشیەکەی ھەیە و تووشبووەکەی دیکە بەرکەوتووی ھەمان نەخۆشە. هەردوو تووشبوو دانیشتووی ناحیەی خەلیفان لە قەزای سۆرانن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندروستی لە راگەیاندنی دواین ئاماردا ئاماژەی بەوەکردووە، لە 24 کاتژمێری رابردوو بەبێ ئەم دوو تووشبووە نوێیە، 104 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراون.
هەر لە 24 کاتژمێری رابردوو، حەوت کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.