وەزیری پێشمەرگە: مەترسییەکانی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە

وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، جموجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا.

یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت:بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی دووزخورماتوو لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستاندا، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی فەوجی 3ـی لیوای 1ـی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا تەقییەوە کە بەداخەوە عەقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەیی فەوجی سێ و عەقیدی ئەندازیار محەمەد رەزا کەریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ـی سووپای عێراق و جێگری ئەفسەر شەریف ئەحمەد محەمەد، لەو ڕووداوە تیرۆریستیەدا شەهیدبوون.

وەزیری پێشمەرگە دەڵێت:‎ خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هێزی پێشمه‌رگه له‌ئاماده‌باشی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ئاشکرای کردووە کە جموجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا.

دەڵێت: هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاری سووپای عێراق بەردەوام دەبێت.