پارێزەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند: دەبێت شاسوار عەبدولواحید 100 ساڵ زیندانیی بکرێت
"پارەی 10 هەزار کەسی خواردووە"
K24 - سلێمانی:
دانا لهۆنی، پارێزەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 10/06/2020 تەواوی خاوەن پشکەکان لەبەردەم چاڤی لاند خۆپیشان دەکەن.
راشیگەیاند، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە چاڤی لاند بەهۆی قەرزەکانی دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە، لەم دۆخەشدا، مافی خاوەن پشکەکان دەفەوتێت، بۆیە خۆپیشان دەکەین و داوا دەکەین مافی خاوەن پشکەکان نەخورێت.
راشیگەیاند، 10 هەزار کەس بەشدارییان لە پشکەکان کردووە و دەبێت بە ماددەی 446 شاسوار عەبدولواحید سزا بدرێت کە سزاکەی بەهۆی زۆری سکاڵاکان، 100 ساڵ زیندانییە.
یەکێکیش لە خاوەن پشکەکان دەڵێت، 10 دەفتەر دۆلار خستووەتە ناو پڕۆژەکە و ئێستاش دۆخی داراییم زۆر خراپە و قەرزارم، لەبری پارەکەشم، کارتی یارییان پێداوم.
لە کاتی دروستکردنی پرۆژەی چاڤی لاند لە سلێمانی، کۆمپانیای نالیای سەر بە شاسوار عەبدولواحید، داوای لە هاووڵاتیان کرد پشک بکڕن تاوەکو لە داهاتوو سوودی دارایی زۆر بکەن، بەڵام دوای 10 ساڵ خاوەن پشکەکان جیا لە لەدەستدانی پارەکەیان هیچیان بۆ نەماوەتەوە.