سکاڵای 1155 هاووڵاتی لە ڕێگەی سیستەمی 'سکاڵای هاووڵاتییان'ـەوە چارە کراون
سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان، لە 3ی ئابی 2023 کەوتە کار؛ هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی پێگەی CCS.DIGITAL.GOV.KRD سکاڵاکانیان بگەیەنن و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان دەکرێت.
مەهدی ئاژگەیی، بەڕێوەبەری کاروباری سکاڵای هاووڵاتییان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی گوت: "هەموو هاووڵاتییەك دەتوانێت لە ڕێگەی سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان، سکاڵاکانیان پێشکەش بکەن و پاشان لایەنی پەیوەندیدار بە پێی یاسا بڕیاری لەسەر دەدات."
سیستەمەکە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە هەماهەنگی کێشەکانی خەڵک چارە دەکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی مێدیا و زانیاری، تا ئێستە هەزار و 155 سکاڵا لەم سیستەمە لە لایەن هاووڵاتییانەوە تۆمار کراون و زۆربەیان چارە کراون.
کابینەی نۆیەم کاری لەسەر بەهێزکردنی متمانەی خەڵک و حکوومەت کردووە و یەکێک لە هەنگاوەکانیشی، دانانی سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان بووە.