ڕۆژانە 15 خولەک پێکەنین دڵێکی ساغت پێ دەبەخشێت

پێکەنین، سیستەمی بەرگریی لەش بەرز دەکاتەوە و هەندێک پێکهاتە بۆ جەستە دەردەدات کە پێیان دەگوترێت ئەندۆرفین یان "هۆرمۆنی دڵخۆشکەر."
پێکەنین، دابینکردنی ئۆکسجین بۆ مێشک زیاتر دەکات بە باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێن، هەروەها یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات، بەمەش تەندروستیی دڵ باشتر دەکات.
زاناکان باس لەوە دەکەن "پێکەنین توانای کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و هەوکردنی خوێنبەرەکانی هەیە. هەروەها ئاستی کۆلیسترۆڵیش ڕادەگرێت."
ماڵپەڕی تەندروستی بڵاوی کردووەتەوە "توێژینەوەکان دەریان خستووە، پێکەنین مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لە ژنان دوای وەستانی سووڕی مانگانە، کەم دەکاتەوە."
دکتۆر مایکل میلەر، لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی میریلاند و نووسەری لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کاریگەرییەکانی پێکەنین لەسەر خانەکانی ناوپۆشی لەش دەڵێت: "کاریگەرییەکانی پێکەنین لە داهاتوودا دەردەکەوێت، هەروەها ڕۆژانە 15 بۆ 20 خولەک پێکەنین و 30 خولەک وەرزشکردن، دڵێکی ساغت پێ دەدات."
ئەو دکتۆرە دەشڵێت: "ئەگەر ویستت هانی کەسێک بدەی دەروون و تەندروستی باش بێت، پێویستە هانی بدەیت تاکوو پێبکەنێت."
گوتیشی: "پێکەنین نەک تەنها سوودی درێژخایەنی بۆ تەندروستی دەروونیمان هەیە، بەڵکو کاریگەرییەکی کورتخایەنی دەستبەجێی هەیە. بۆیە، کاتێک کەسێک بەڕاستی گاڵتەیەک یاخود قسەیەکی کۆمیدی دەکات، وەک کەسێکی تووڕە مامەڵە مەکە، بەشداریی نوکتەکە بکە. بەشداریی لەگەڵ کەسانی تر دەستبەجێ یارمەتیت دەدات هەست بە باشتربوون بکەیت، هەروەها ئەمەش وا دەکات کەسانی دیکەش لەگەڵ تۆدا زیاتر پێبکەنن."
بەپێی چەندان توێژینەوە کە لەسەر بابەتی پێکەنین کراوە، پسپۆڕان پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە پێکەنین دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەرەنگاربوونەوەی دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی و خەمۆکی، هەروەها یارمەتی مرۆڤ بدات دڵخۆشی و ئەرێنی بپارێزێت.
هەروەها توێژەران دەشڵێن: "کارێکی جەوهەرییە لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆدا هەوڵ بدەی خەڵکانێکی زۆر کە بەدەست چەندان گرفت و کێشەوە گرفتار و نیگەرانن، بتوانن نیگەرانییەکانیان بە پێکەنین لەبیر بکەن بۆ ماوەی 10 خولەک لە ڕۆژێکدا، هەم یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوی تەندروست بژین و باشتریش کار بکەن."
پێکەنین، سوودی کورتخایەن و درێژخایەنی هەیە. کاتێک پێدەکەنین، خۆنەویستانە باری دەروونیمان سووک دەبێت و لە فشار ڕزگارمان دەکات و هەندێک گۆڕانیش لە جەستەماندا ڕوو دەدات.