مەسرور بارزانی و باڵیۆزی پۆڵەندا: پێویستە کابینەی نوێی حکوومەت لە زووترین کاتدا پێک بهێنرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 18-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارجن کۆبیاک باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، سەرۆک وەزیران "سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا."
باڵیۆزی پۆڵەندا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "پێزانینی بۆ هاریکاریی و هاوئاهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ دا ."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.