ئەم هەفتەیەش خولی نایابی كوردستان جیاواز بوو

هەفتەی رابردوو بەهۆی كێشەیەك یاریی هەولێر و ئاكرێ نەكرا، ئەم هەفتەیەش رانیە نەهاتە نێو یاریگە و شێروانە بە براوە هەژمار كرا

سوهەیب تەها یاریزانی سەیدسادق دوای گۆڵەكەی لە برایەتی درێسەكەی فڕێ دا - فۆتۆ: ئاریان مەشخەڵ
سوهەیب تەها یاریزانی سەیدسادق دوای گۆڵەكەی لە برایەتی درێسەكەی فڕێ دا - فۆتۆ: ئاریان مەشخەڵ

گەڕی سێیەمی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات و ئەم هەفتەیەش رووداوی جیاوازی لێكەوتەوە و یانەی رانیە ئامادە نەبوو بێنە نێو یاریگە، بەمەش شێروانە بە براوە هەژمار كرا، یانە كەلارییەكە لوتكەی خولەكەی گرت.

شێروانە بەبێ یاریكردن 3 خاڵی بەدەستهێنا
 لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان یانەی شێروانە زیاتر لە 250 کیلۆمەتری بڕی و خۆی گەیاند دەڤەری ڕاپەڕین بۆ ئەوەی رووبەڕووی یانەی رانیە ببێتەوە، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنەوە یاریزانانی ڕانیە ئامادەنەبوون یارییەکە ئەنجام بدەن، بەمەش یانەی شێروانە سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا و بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ لوتكەی خولەكەی گرت و بە جیاواز گۆڵ پێش یانەكانی پیشەسازی و پێشمەرگەی هەولێر كەوتەوە.

 

پێشمەرگە داستانی تۆمار كرد
هەولێر یەكەمین یاریی لەم وەرزە لە نێو یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری ئەنجام دا، بەڵام هەولێر رۆژێكی ناخۆشی تێپەڕ كرد و یارییەكەی بە گۆڵێكی بێوەڵام بەرامبەر پێشمەرگە دۆڕاند، ئەمەش یەكەمین شكستی یانەكەی قەڵاومنارە بوو لەم وەرزە، لەو یارییەدا عەبدوڵڵا سەربەست گۆڵی سەركەوتنی پێشمەرگەكانی تۆمار كرد، بەم ئەنجامەش پێشمەرگە دووەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ شێروانەی پێشەنگ پلەی دووەمی گرتووە.

 

سەیدسادق و برایەتی خاڵەكانیان دابەش كرد
یانەی برایەتی شاری هەولێر بۆ رووبەڕبوونەوەی سەیدسادق گەشتی شارەزووری كرد، سوهەیب تەها لە خولەكی 3ـی دەستپێكی یارییەكە گۆڵێكی خێرای لە دژی سەوپۆشەكانی پایتەخت تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 21 شەمزین یاسین گۆڵی بەرامبەربوونی برایەتی تۆمار كرد، بەمەش سەیدسادق بۆ سێیەمین هەفتەیە لەسەریەك ناتوانێت تامی سەركەوتن لەم وەرزە بكات.