سیروان محەمەد: سەرژمێریی دانیشتووان کاریگەریی لە دۆخی یاسایی هاووڵاتییان ناکات

سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان
سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان

سیروان محەمەد، بریکاری وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: چەند پرسیارێکی سادە هەن لەبارەی دۆخی کۆمەڵایەتی و ناوی ئەندامانی خێزان و جۆریان، بژمێرەکان لە قۆناغی یەکەمدا لە پرۆسەی سەرژمێریی تۆماریی دەکەن.

سیروان محەمەد ڕاشیگەیاند: لە قۆناغی دووەمی سەرژمێریدا، پرسیارەکان درێژتر دەبن کە خۆی لە 75 پرسیار دەبینێتەوە کە لە هاووڵاتییان دەکرێت، لەنێو ئەو پرسیارانەش، پرسیاری دۆخی نیشتەجێبوون و خوێندەواریی و تەندروستی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەهەر کەسێکی نێو خێزانێک، لەگەڵ شێوازیی کار.

لە دیمانەیەکی لەگەڵ کوردستان24، سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرژمێریی دانیشتووان هیچ کاریگەرییەک لە دۆخی یاسایی هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی ناکات، سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی گەشەپێدانە.

لەبارەی مەترسییەکانی سەرژمێریی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە ناوچەکانی ماددەی 140 ناسراون، بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوە کرد کە دەبووا 20 ساڵ پێشتر کاری لەسەر کرابووایە، دەشڵێت: تا ئێستا ماددەی 140ـی دەستووری عێراق لەبارەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و بە هەڵواسراوەیی ماوەتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە نیگەرانییەکانی لابردنی خانەی نەتەوەیی لە فۆرمی سەرژمێری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی 140، سیروان محەمەد گوتی " دەشێت ئەم پرسە بە نەبوونی داتای سەرژمێری لەقەڵەم بدەین، و پرسی نەتەوەیی بووەتە کێشە و کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری ساڵی 2010 هەبووە کە لەو کاتەوەجێبەجێ نەکراوە.

گوتیشی : نزیکەی 5 ساڵ لەمەوبەر بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێری و نەهێشتنی نیگەرانییەکانی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان سەبارەت بەپرسی نەتەوەیی هاووڵاتییان، ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی فۆرمەکە پرسی نەتەوەیی و ناونیشانی تێدا نەبێت.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە بەڕای ئەو، باشتر دەبوو پرسیارێک لەسەر نەتەوە هەبێت ئەگەر وڵات سەقامگیر بووایە، بەڵام  بەداخەوە عێراق هێشتا وڵاتێکی ناسەقامگیرە و بۆ سەرکەوتنی سەرژمێرییەکە ڕێککەوتن لەسەر لابردنی پرسی نەتەوەیی هەبوو.

 
Fly Erbil Advertisment