هەر ڕێکخراوێکی بیانی سەدا25ـی دەستی کاری خۆی زیاتر بێت سەرپێچی یاسا دەکات
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەر ڕێکخراوێکی بیانی ڕێژەی دەستیکاری خۆی لەسەدا25 زیاتر بێت لە هەرێمی کوردستان، ئەوا سەرپێچی یاسا دەکات و لەلایەن فەرمانگەکەیانەوە سەرەتا ئاگادارکردنەوەی بۆ دەچێت و پاشان ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بەپێی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2011 رێکخراوە ناحکوومیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دووشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2024، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە پێداگریی لە جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ڕەخساندنی ڕێژەی سەدا75 بۆ دەستیکاری ناوخۆ لە کەرتی تایبەتدا، فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی ڕێژەی سەدا75ـی فەرمانبەرانی رێکخراوە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بن.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێکخراوی IRIی ئەمریکی نێودەوڵەتی کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی ڕێکخراوی ناوبراوی کرد کە خزمەتی زۆران بە لاوانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتیش لە پێگەیاندنی گەنجی سەرکردە لە ڕێگەی خولەکانی پەرەپێدانەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بێ کاری و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجانی کوردستان لە ڕووی یاسا و ڕێنماییەکانەوە، دەبێت ڕێژەی سەدا75ـی فەرمانبەرانی رێکخراوە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بن، ئەگینا مۆڵەتی کارکردنیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
لای خۆیانەوە سەرۆک و شاندی IRI ـی ئەمەریکا، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کارئاسانیەکانیانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومیەکانیان کرد بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ، شاندی ناوبرا ئاماژەیان بەوەدا کە ئەمریکا، هاوکار و پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەتی لە ڕووی رێکخراوە مەدەنییەکان بۆ کوردستانێکی گەشتر و پێگەیاندنی گەنجی سەرکردە بۆ خزمەتکردنی کوردستان