نووسراوێک لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکان ئاراستەی چاودێریی دارایی فیدراڵی کرا
نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داوا دەکات ئەنجوومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکان بکەن.
سێشەممە، 19-11-2024، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان؛ نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کرد.
لە نووسراوەکەدا، داوای دیدارێک لە نێوان د. سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستان و د. عەممار سوبحی خەلەف، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کراوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەکەمانی زانکۆ و پەیمانگەکان.
ڕۆژی 10-09-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدراڵ لەم بارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
هەرچی تایبەت بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانیش، ماوەی شەش ساڵە دامەزراندنیان ڕاگیراوە، ئەنجوومەنی وەزیران لە پاڵ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست؛ بڕیاری دامەزراندنی نزیکەی 13 هەزار یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ ئەو مەبەستە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ بکات.