وردەکاری بیمەی تەندروستیی پێشمەرگە ئاشکرا دەکرێت

بەڕێوبەری کاروباری تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند "ئەو بیمە تەندروستییەی وەزارەتی پێشمەرگە، هەموو پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی وەزارتەکە دەگرێتەوە، تاکوو  لە کاتی نەخۆشکەوتنیان دەتوانن سوودی لێ ببینن.

د. ڕەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستیی گشتی لەوەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە شێوەیەکی گشتی گرنگیی بیمەی تەندروستی ئەوەیە دڵنیایی دەداتە ئەوانەی بەشدارن لە سیستەمی بیمەدا، کە لەکاتی نەخۆشیدا پێویست ناکات پارەیەکی زۆریان خەرج بکەن."

گوتیشی: "ئەوبیمە تەندروستییەی وەزارەتی پێشمەرگە، هەموو پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی وەزارتەکە دەگرێتەوە، کە لەکاتی نەخۆشکەوتنیان دەتوانن سوودی لێببینن." ئاماژەی بەوەش کرد "بیمەکە، هەموو نەشتەرگەرییەکان دەگرێتەوە، جگە لە نەشتەرگەریی جوانکاری."

ڕەزا ئیسماعیل ڕاشیگەیاند "هەر پێشمەرگەیەک بیەوێت هەر جۆرە چارەیەک بکات، دەبێت لە ڕێگەی یەکەکەی خۆی ئێمە ئاگەدار بکاتەوە، نووسراوێک بە نهێنی بۆ ئێمە دەکرێت بەبێ ئەوەی بچێتە وەزارەتی پێشمەرگە و بە ڕۆتینیاتی ئەوێدا بڕوات، هەروەها لە رێگەی لێژنەیەکی پزیشکی تایبەتمەندەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، ئایا پێویستی بەو چارەکردنە هەیە یان نا؟ دواتر بە پێی پێویست پارەی بۆ خەرج دەکرێت."

دەشڵێت: "هەر نەخۆشێک بیەوێت لە هەر شارێک نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت، دەچێت نەشتەرگەرییەکەی دەکات و دواتر لە ڕێگەی پسولەوە ئێمە 70% ـی پارەکەی بۆ دەگەڕێنینەوە."

ڕەزا ئیسماعیل باسی لەوەش کرد "ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەو نەشتەرگەرییانەیە کە لە نەخۆشخانەکانی حکوومەت ناکرێت، بەلام ئەگەر لە نەخۆشخانەکانی حکوومەت بکرێت ئێمە ئاسانکارییان بۆ دەکەین پارەیان بەشێوازی نیمچە تایبەت بۆ خەرج دەکەین."