هەزار ڕۆژ بەسەر شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیادا تێ دەپەڕێت
"زیاتر لە ملیۆنێک کەس کوژراون بریندار بوونە"

سێشەممە، 1000 ڕۆژ بەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا تێ دەپەڕێت، بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە زۆرترین کوژراو و بریندار لە ئەورووپا لەو شەڕەدا بووە، کە ململانێکان گەیشتووەتە قۆناغێکی تاریک.
سێشەممە، 19-11-2024، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاوی کردەوە "لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 906 هەزار و 500 سەربازی ئۆکرانیا کوژراو و بریندار بوونە."
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمەریکایی لەم دواییانەدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە "تا ئێستا 57 هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون."
هاوپەیمانی ناتۆش ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ڕووسیای بە زیاتر لە 600 هەزار کوژراو و بریندار مەزەندە کردووە، هاوکات سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاواش ڕایانگەیاندووە کە لە نێو ڕووسەکاندا 200 هەزار کەس کوژراون و 400 هەزار کەسیش بریندار بوونە.
حکوومەتی ئۆکرانیا هەروەها لە لیستی خۆیدا ڕایگەیاندووە "لە سەرەتای شەڕەوە، زیاتر لە 722 هەزار سەربازی ڕووسیا کوژراون و بریندار بوون."
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی 2024 ڕایگەیاند "31 هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون. هیچ ئامارێکی لەبارەی ژمارەی برینداران و بێسەروشوێنەکان نەخستووەتەڕوو."
بەهۆی ئەو شەڕە ڕێژەی مردن بە هۆکاری جۆراوجۆر لە سەرتاسەری ئۆکرانیا بەرز بووەتەوە، ڕێژەی لەدایکبوون بە نزیکەی یەک لەسەر سێ کەم بووەتەوە، هەروەها زیاتر لە شەش ملیۆن ئۆکرانی ئاوارەی ئەورووپا بوون و نزیکەی چوار ملیۆنیش ئاوارەی ناوخۆ بوون، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت: "لە سەرەتای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نزیکەی 10 ملیۆن کەس واتە نزیکەی چارەکێکی ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا کەمی کردووە."
دوایین هەڵسەنگاندن کە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی ئۆکرانیا کراوە، دەریخستووە کە زیانەکانی شەڕی ئۆکرانیا تا مانگی کانوونی دووەمی 2023 گەیشتووەتە 152 ملیار دۆلار.
حکوومەتی ئۆکرانیا و بانکی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندووە، کۆی تێچووی ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو، نزیکەی 486 ملیار دۆلارە، هەروەها کەرتی وزەی ئۆکرانیا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە بەوەی بەردەوام ڕووسیا هێش دەکاتە سەر ئەو کەرتە.
ڕۆکسۆلانا بێدلاسا، سەرۆکی لیژنەی بودجەی پەرلەمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "هەر ڕۆژێکی شەڕ، تێچووی نزیکەی 140 ملیۆن دۆلارە."
لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2025ـی ئۆکرانیا، پیشبینی دەکرێت بودجەی وەزارەتی بەرگری 53.3 ملیار دۆلار بێت، ئۆکرانیا پێشتر 100 ملیار دۆلاری وەکوو هاوکاریی دارایی لە هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی وەرگرتووە.
لە شوباتی 2022. ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، تاوەکوو ئێستەش شەڕ بەردەوامە کە بووەتە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس.