تووشبووێكی دیكەی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا
باوكی سێ منداڵ بوو
K24 - سلێمانی
تووشبووێكی كۆرۆنا لە سلێمانی، كە دوو رۆژ لەمەوبەر لە نەخۆشخانە لەبارەی تەندروستییەوە بۆ كوردستان24 دوا، گیانی لەدەستدا.
ئەو ھاووڵاتییە كە ناوی ئازاد حەمە عەلی ساڵح، لە دایكبووی ساڵی 1968 و باوكی سێ منداڵ بوو، دوو رۆژ لەمەوبەر لە نەخۆشخانە بە كوردستان24ی گوت: "خۆشم نازانم چۆن تووشی كۆرۆنا بووم، زۆر خۆم دەپاراست و كەم دەھاتمە دەرەوە".
د. سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ھەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند: "تووشبوویەکی تری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، کۆچکردوو تەمەنی 53 ساڵە و دانیشتووی نێو شاری سلێمانییە".
ئەو رۆژەی كورستان24 لە نەخۆشخانە لێدوانی لەو كەسە وەرگرت و بڵاوی كردەوە، بەشێك لە خەڵكی كە باوەڕیان وایە ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە لە كۆمێنت نووسیبوویان "چەند پارەتان پێداوە بۆ ئەوەی قسەتان بۆ بكات و بڵێ تووشی كۆرۆنا بووم".
دیار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی كە پێشتر لە نەخۆشخانە لێدوانی لەو نەخۆشە وەرگرتبوو، دەڵێ: "ئەو تووشبووەی كۆرۆنا پاش 17 رۆژ مانەوەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".
بەپێی زانیاری پەیامنێرمان سێ نەخۆشخانەی سلێمانی تایبەت كراون بە تووشبووانی كۆرۆنا و ھەموویان پڕبوون لە نەخۆش، بۆیە بڕیاردراوە نەخۆشخانەی كۆماری (جمھوری) بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دابین بكرێت".
پەیامنێرمان گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی بە خێرایی تەشەنە دەكات، ھاووڵاتییان وەك پێویست پابەندی رێنماییەكان نابن".
بەگوێرەی ئامارەكان تائێستا 903 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و لەو ژمارەیەدا441 كەس چارەسەر كراون و 15 كەس گیانیان لەدەستداوە.